ئاب 03, 2024

دەیەمین ساڵیادی جینۆسایدی دژ بە ئێزیدییەکان

دەیەمین ساڵیادی جینۆسایدی دژ بە ئێزیدییەکان

ئەمڕۆ ٣ی ئاب، دەیەمین ساڵیادی جینۆسایدی دژ بە ئێزیدییەکانە لە لایەن داعشەوە. ئێمە لەم ڕۆژەدا یادی هەموو قوربانییانی ئەم جینۆسایدە و هێرشی سەدان ساڵەی دژ بە جڤاکی ئێزیدی دەکەینەوە.

لە ساڵی ٢٠١٤ دا جڤاکی ئێزیدی لە کوردستان و عێراق ڕووبەڕووی جینۆساید بوویەوە. هەزاران کەس بە ژن و منداڵەوە کوژران و هەزارانیش وەک کۆیلە بە دیل گیران. زۆر کەس ئاوارە و دەربەدەر بوو. لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا زۆر ژن و منداڵ لە لایەن بزووتنەوەی ژنانی کوردەوە ڕزگار کراون، بەڵام چارەنووسی زۆری دیکەیان هێشتا نادیارە.

ئەمڕۆ ئێمە وەک یەکماڵ دەمانەوێت سەرنج بخەینە سەر بارودۆخی ئێستای جڤاکی ئێزیدی. سەرەڕای هەموو دژوارییەکان و ئەو تراژیدیایەی بەسەریان هاتووە، جڤاکی ئێزیدی لە دوای جینۆسایدەوە هەوڵ دەدات دووبارە خۆی بونیاد بنێتەوە. لەپێناو ساڕێژکردنی برینەکانی، ڕێگرتن لە دووبارەبوونەوەی جینۆساید و داننان بە ناسنامەکەی لە تێکۆشاندایە. ئێمە ئەمە بە گرنگ و واتادار دەبینین.

لە لایەکی دیکەوە، هەتا ئێستا جڤاکی ئێزیدی بە تایبەت ژن و منداڵە ڕزگارکراوەکان لە دۆخێکی سەختدان. زۆر هاوڵاتیی ئێزیدی کە ڕوویان لە ناوچەکانی دیکەی کوردستان و عێراق کردبوو، بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکان نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە واری خۆیان لە شەنگال. ئەوان لە هەلومەرجی سەختدا لە کەمپە نائەمنەکاندا دەژین. هەروەها بەشێک لەو ئێزیدییانەی ڕوویان لە ئەڵمانیا کردبوو، لە لایەن حکوومەتی ئەڵمانیاوە ڕەوانەی عێراق دەکرێنەوە. ئێمە ڕەخنە لەم سیاسەتەی حکوومەتی ئەڵمانیا دەگرین و داوای پاراستنی هەمەلایەنەی ئێزیدییەکان دەکەین. بەبیر ئەڵمانیای دێنینەوە کە پەڕلەمانی ئەڵمانیای فیدڕاڵ بەفەرمی دانی بە جینۆسایدی ئێزدییەکاندا ناوە، پێویستە حکوومەتی ئەڵمانیا بەرپرسایەتیی خۆی لە پاراستنی ئێزیدییەکان و دادگەییکردنی تۆمەتبارانی جینۆساید جێبەجێ بکات.

دەبێ دڵنیایی پاراستنی جڤاکی ئێزیدی هەم لە ناوخۆ و هەم لە دەرەوەی وەڵات بچەسپێت، بۆ ئەوەی ئەم جینۆسایدە و هێرشی دژ بە ئێزیدییەکان دووبارە نەبنەوە.

ئێمە پێمان وایە ڕێکخراوەکانی جڤاکی سڤیل پێویستە لە بەرانبەر هەڵاواردن و پێشێلکردنی مافی جڤاکی ئێزیدی چالاکانە بکەونە گەڕ. وەک کۆمەڵەی یەکماڵ بۆ ئەو مەبەستە ڕۆڵی خۆمان دەگێڕین و ئامادەین لەگەڵ دامودەزگە و لایەنە پەیوەندیدارەکاندا هاوکاری بکەین.

یەکێتیی خێزانەکوردستانییەکان لە ئەڵمانیا – یەکماڵ

٣ی ئابی ٢٠٢٤


ئەم لاپەڕەیە بڵاو بکەوە

هەواڵنامەکەمان ئابوونە بکەن



سوودەکانت
دوا ناکەویت لە وەرگرتنی زانیاری
هەمیشە دەتوانی لێی بچیتە دەرەوە
زانیارییە کەسییەکانت پارێزراون


چاوتان لەسەرمان بێت لە

بابەتی پێوەندیدار