Unser Verein

ڕێکخراوەکەمان

یەکماڵ ڕێکخراوێکی ئازادی قازانجنەویستە و خۆی بە ڕێکخراوێکی سەربەخۆی کۆچبەران دەزانێت لە ئەڵمانیا. ڕێکخراوەکەمان لە بواری هاریکاریی جەوانان و زارۆخانەی جووتەزمانی (ئەڵمانی - کوردی) بە فەرمی دانی پێدا نراوە. هەروەها خاوەنی ئەکادیمیای یەکماڵین بۆ پەروەردە، زمان و لێکۆڵینەوە کە بە فۆڕمی قانوونیی کۆمپانیای قازانجنەویست دامەزراوە. یەکماڵ لە هەمان کاتدا ڕۆڵی بەڕێوەبردنی تۆڕی فرەزمانی بێفانی لەئەستۆ گرتووە کە ئەم تۆڕە لەپێناو پێشخستن و پشتگیریکردن لە فرەزمانی دامەزراوە. یەکماڵ لەو ڕۆژەوەی دامەزراوە، ڕێکخراوەکەمان لەپێناو پەروەردە، بەشداریی جڤاکی و هاوکاری لەگەڵ دایکان و باوکان و دامودەزگە پەروەردەییەکانی وەک زارۆخانە و فێرگە کار دەکات. یەکێک لە کارە سەرەکییەکانمان پشتگیریکردنی زمان و فەرهەنگی کوردی و پێشخستنی فرەزمانییە.

» پاشخان

یەکماڵ لە ٩ی ئایاری ١٩٩٣ لە بەرلین دامەزرا. لە ماوەی ٣١ ساڵی مێژووی ڕێکخراوەکەدا، یەکماڵ لە بەرلین بووەتە بەشێکی سەرەکیی پێکهاتەی جڤاکی و جڤاکی سڤیل. سەرەتا ئێمە تەنیا لە بەرلین چالاک بووین و وەک "یەکێتیی خێزانەکوردستانییەکان لە بەرلین - یەکماڵ" دەناسراین. بەهۆی زیادبوونی داواکاری و پێویستی، لە ساڵی ٢٠٢٠ دەستووری نێوخۆییمان گۆڕی و لەو کاتەوە وەک "یەکێتیی خێزانەکوردستانییەکان لە ئەڵمانیا - یەکماڵ" لە سەرانسەری ئەڵمانیا کار دەکەین. لە ساڵی ٢٠٢١ بەدواوە، ئێمە لە چوار هەرێمی ئەڵمانیا وەک هاوبەشێکی سیاسەت و ‌حکوومەت کار دەکەین بۆ ئەوەی هۆشیاریی ڕای گشتی دەربارەی ڕوانگەی کۆچبەران بەرز بکەینەوە و بەرەو گوتاری جڤاکی ڕایانکێشین. چالاکی و ئۆفەرەکانی ئێمە لە بەرلینەوە بەرەو هەرێمەکانی نۆردڕاین ڤێستفالن، ڕاینلاند-پفالتس و برێمەن بەرفرەوان بوون. لە هەموو لقەکانمان، ئێمە چەندین خزمەتی پەروەردەیی و ڕاوێژکاری پێشکەشی خێزانە کۆچبەرەکان بە تایبەت کوردەکان دەکەین. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕێکخراوەکەمان کە لە بەرلینە، لەسەر ئاستی ئەڵمانیا ڕۆڵی نێوەندی هەیە.

» ڤیسیۆن & میسیۆن

بەشداریی دایکان و باوکانی خاوەن پاشخانی کۆچبەری و پشتگیریکردن لە پەروەردەی فرەزمان و فێرکاری بە زمانی دایک هەتا ئێستاش یەکێک لە ئامانجە گرنگەکانی ڕێکخراوەکەمانە. ئێمە بەشداربوون، پێکەوەژیانی یەکسان و فرەوان لە جڤاکدا، بەهێزکردن و بەشداریی سیاسی بەرەوپێش دەبەین. فرەزمانی، پەروەردە و فێرکاری هەروەها تێکۆشان لە دژی هەڵاواردن لە دڵی کارەکانی ئێمەدان.

» بەهاکانمان

یەکماڵ لە ئاستی سەرانسەری ئەڵمانیا لەپێناو جڤاکێکی کراوە، فرەڕەنگ، فرەلایەن و بەرفرەوان تێدەکۆشێت. بەشێوەیەکی پیشەیی و پابەندبوونمان، هەوڵ دەدەین کە کەسانی خاوەن چیرۆکی کۆچبەری و پەنابەری و خێزانەکانیان بتوانن لە ئەڵمانیا ژیانێکی سەربەخۆ، یەکسان و ئازاد بەڕێوە ببەن. کاری ئێمە بەشێوەیەکی بەردەوام پڕۆسە دیموکراتییەکان و یەکگرتوویی جڤاکی لەنێو جڤاکی ئەڵماندا بەهێز دەکات.