ئەیلوول 18, 2024

تووندڕەویی ڕاستڕەو لە چلوهەشتەمین فێستیڤاڵی نێوفەرهەنگی لە شاری ماینتس

ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٤ چلوهەشتەمین فێستیڤاڵی نێوفەرهەنگی لە دۆمپلاتس-ی شاری ماینتس-ی پایتەختی هەرێمی ڕاینلاند پفالتس بەڕێوەچوو. هەر لە سەرەتاوە ئەم فێستیڤاڵە نەریتێکی گرنگ بووە بۆ دیداری هەموو زمان، فەرهەنگ و ئایینەکان. وەک کۆمەڵەی یەکماڵ ئێمە پێشوازی لەم نەریتە خۆش و گرنگەی شارەکەمان دەکەین.
بەداخەوە ئەمساڵ لە فێستیڤاڵەکە ڕووداوێکی ناخۆش ڕوویدا کە ئێمەی تووشی سەرسووڕمان کرد. لە چوارچێوەی بەرنامەکاندا، سمبوولێکی ئایدیۆلۆژیی ڕاستڕەو کە بە جیهان ئاشنایە، لە لایەن کۆمەڵەیەکی تورکەوە بە شێوەیەکی ئاشکرا پیشان درا. ئەمە لە کاتێکدایە کە دوای پێشبڕکێی نێوان تورکیا و نەمسا لە قۆناغی شازدەی یارییەکانی جامی ئەورووپا بەدواوە، ئەم سمبوولە ڕاستڕەوە هەر لە ڕۆژەڤی ڕۆژنامەکاندایە.
ئەم کۆمەڵەیە وەهای نیشان دا کە پەیوەندییەکی ئاشکرای لەگەڵ شارەداری ماینتس-ی پایتەخت بەڕێز نینۆ هازە هەیە. بەڕێز نینۆ هازە کەسایەتییەکی گرنگە بۆ هەموو هاوڵاتییان و ڕووداوێکی وەها پرسیاری جددی لە لای ئێمەی هاوڵاتی دروست دەکات.
ئێمە سەرمان سووڕما کە زهنیەتێکی وەها توانیویەتی لە فێستیڤاڵێکدا جێی خۆی بکاتەوە کە بۆ فرەڕەنگی، جڤاک، دیموکراتی و لێبووردەیی ساز دەکرێت. هەروەها لەوەش سەرمان سووڕماوە کە بە گوێرەی لێدوانی شارەدار ئەو زیهنیەتە ڕاستڕەوە ساڵانێکە نوێنەرایەتی لە دەستەی ڕاوێژکاریی کۆچبەری و ئینتیگراسیۆنی هەرێمەکەماندا هەیە. ئەو دەستەیە لە ڕێکخراوە سەربەخۆکانی کۆچبەران و نوێنەرانی کەسانی خاوەن پاشخانی کۆچبەری و پەنابەری پێک دێت.
کۆچبەری و هەڵاتن گۆڕانکارییەکی واتادار و زۆر جار بەئازار لە ژیانی مرۆڤدا دروست دەکەن. ئەوەش ئەنجامی فشارە نادیموکراتی و دژەمرۆڤایەتییەکانە کە دەبێ خۆمانی لێ ڕزگار بکەین. کۆچبەری و هەڵاتن ڕێگەیەک بۆ بونیادنانی ژیانێکی نوێ لە ئاشتی، هیوا و ئاسایش دەکاتەوە کە دوور بێت لە تووندوتیژیی ڕاستڕەو و ستەم.
شوێنی زیهنیەتێکی ڕاستڕەو یان زیهنیەتێکی ڕاستڕەویی ڕادیکاڵی وەک ڕێکخراوی "گورگەبۆرەکان" لە کۆمەڵگەکەماندا نابێتەوە. قبووڵ ناکرێت کە هەندێک کەس بوێریی ئەوەیان هەبێت لە شاری ماینتس کە بە لێبووردەیی و فرەڕەنگی ناسراوە، بە ئاشکرا گوزارشت لەو فکرە بکەن. قبووڵ ناکرێت ڕێگە بدرێت نوێنەرانی ئایدیۆلۆژیای تووندڕەویی ڕاستڕەو بەئاسانی بۆچوون و ئامانجەکانیان بۆ ڕای گشتی بڵاو بکەنەوە.
ئێمە داوا لە ماینتسی پایتەختی هەرێمەکەمان دەکەین کە ئەنجامی پێویست لەم ڕووداوە وەربگرن. هەروەها داوا لە بەڕێز شارەدار نینۆ هازە دەکەین لێکۆڵینەوە دەربارەی هەبوونی ئەم ئایدیۆلۆژیا ڕاستڕەوە لە شارەکەمان بکات و نوێنەرەکانی لە هەموو دامودەزگە دیموکراتییەکان دوور بخاتەوە.
داوا لە هەموو ڕێکخراو، دامودەزگە و دەستپێشخەرییە دیموکراتییەکان دەکەین کە بە شێوەیەکی کراوە لە دژی تووندڕەویی ڕاستڕەو، لە دژی ڕادیکاڵیزم و تۆڕەکانی لە پایتەختی هەرێمەکە هەنگاو بنێن و ببنە نموونەیەک بۆ هەموو شارەکانی دیکەی هەرێمی ڕاینلاند پفالتس.
ئێمە بە هیوای پێکەوەژیانێکی ئاشتیانەی پشتئەستوور بە لێبووردەیی و مرۆڤایەتین. داوا لە بەڕێز شارەدار نینۆ هازە دەکەین بە نووسراو وەڵامی ئەم بەیاننامەیەی ئێمە بداتەوە.
کۆمەڵەی یەکماڵ \ لقی ڕاینلاند پفالتس
١٨ی ئەیلوولی


ئەم لاپەڕەیە بڵاو بکەوە

هەواڵنامەکەمان ئابوونە بکەن



سوودەکانت
دوا ناکەویت لە وەرگرتنی زانیاری
هەمیشە دەتوانی لێی بچیتە دەرەوە
زانیارییە کەسییەکانت پارێزراون


چاوتان لەسەرمان بێت لە

بابەتی پێوەندیدار

  • دەیەمین ساڵیادی جینۆسایدی دژ بە ئێزیدییەکان
    03.08.2024
    دەیەمین ساڵیادی جینۆسایدی دژ بە ئێزیدییەکان

    ٣ی ئاب، دەیەمین ساڵیادی جینۆسایدی دژ بە ئێزیدییەکانە لە لایەن داعشەوە. ئێمە لەم ڕۆژەدا یادی هەموو قوربانییانی ئەم جینۆسایدە و هێرشی سەدان ساڵەی دژ بە جڤاکی ئێزیدی دەکەینەوە.