پیرۆزکردنی شەوی یەڵدا لە یەکماڵ، ٢٠٢٣
نووسینی: شاسوار مامە
لە ٢١ی دیسەمبەردا، لە کوردستان و چەند وەڵاتێکی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوین شەوی یەڵدا (شەوچلە) پیرۆز دەکرێت. یەڵدا، درێژترین شەوی ساڵە و دەکەوێتە دواهەمین ئێوارەی پاییز و یەکەمین شەوی زستان.
مێژووی شەوی یەڵدا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی میتراییەکان – بەر لە هەزاران ساڵ. وشەی یەڵدا، لە زمانی سریانی-دا بە مانای “لەدایکبوون” دێت. بەپێی باوەڕی میتراییەکان، لەم شەوە درێژەدا خودای خۆر و ڕووناکی “میترا” لەدایک بووە.
یەڵدا لە سەردەمی ئەمڕۆدا بە شێوازی جۆراوجۆر لە لایەن چەندین گەلەوە پیرۆز دەکرێت کە پاشخانی میتراییان هەیە و ڕیشەیان بۆ خاکی میزۆپۆتامیا و چیاکانی زاگرۆس دەگەڕێتەوە.
I شەوی یەڵدا لە کوردستان
شەوی یەڵدا وەک نەریتێک، زیاتر لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان لە لایەن کوردانەوە پیرۆز دەکرێت. دوای ئەوەی خۆر ئاوا دەبێت و شوێن بۆ شەو جێدەهێڵێت، خێزانەکان لە دەوری سفرەیەک کۆدەبنەوە کە بە چەندین خواردن، خواردنەوە، میوە، شیرینی و چەرەزات ڕازێندراوەتەوە. جاران ئەو خواردن و خواردنەوانە ئامادە دەکران کە لە گوند و شارەکانیان بەرهەم دەهێندران. بە تایبەت هەنار، گوێز، ترێ، مێوژ، هەنجیری وشک، چا و شیرینی. یاخود هەموو ئەو بەرهەمانەی کە لە بەهار، هاوین و پاییز بۆ زستان هەڵگیراون. بەڵام لە سەردەمی ئەمڕۆدا خواردن و خواردنەوەی دیکەش ئامادە دەکرێن. هەروەها لەم شەوەدا ئاگر یان مۆم دادەگیرسێندرێت. دیوانی شیعری کلاسیک جێگەیەکی گرنگ لەسەر سفرە دەگرێت. کوردان لەو شەوەدا زیاتر دیوانی نالی دەخوێننەوە.
نالی (١٨٠٠ – ١٨٥٦) شاعیرێکی ناوداری کوردستانە. شیعرێکی بەناوبانگی هەیە بۆ شەوی یەڵدا کە بەم شێوەیە دەست پێدەکات:
شەوی یەڵدایە، یا دەیجورە ئەمشەو
کە دیدەم دوور لە تۆ بێنوورە ئەمشەو؟!
لەم شەوەدا سەرەڕای خوێندنەوەی شیعر، گۆرانیش دەگوترێت. ئامێرە موزیکییەکانی وەک تەمبوور، دەف، دووتار و سێتار بایەخی زۆریان هەیە. هەروەها لە کۆڕی یەڵدادا، گفتوگۆ لەسەر بابەتی جۆراجۆر دەکرێت. لە چەند ناوچەیەک سازمانە کولتوورییەکان بەرنامەیەکی بەرفرەوان بۆ پیرۆزکردنی یەڵدا ساز دەکەن و زۆر کەس بە تایبەتمەندیی خۆیانەوە بەشدار دەبن. خێزانەکان لە هەموان زیاتر بایەخ بەم بۆنەیە دەدەن. لەبەرئەوەشە یەڵدا بە شەوی دیدار و کۆبوونەوەی خێزانیش ناودەبرێت.
I فەلسەفەی شەوی یەڵدا
مرۆڤە دێرینەکانی سەر خاکی کوردستان بەر لە هەزاران ساڵ بەدوای دۆزینەوەی ڕێ و ڕێبازی جیاوازدا گەڕاون بۆ پێشخستنی ژیانی خۆیان. بۆ خۆپاراستن و دابینکردنی بژێویی خۆیان لە دەوروبەری چیا، دۆڵ و دەشتەکان بڵاوبوونەتەوە. بۆ پەیداکردنی جلوبەرگ، خواردن و خواردنەوەکانیان چاویان گەڕاندووە.
ئەم مرۆڤگەلە هەنگاو بە هەنگاو ڕاستینەی سروشتیان ناسیوە. بەمەشەوە نەوەستاون، بەدوای زانین و فێربوونەوە بوون. ویستوویانە کاروبارەکانیان بە گوێرەی هەلومەرجی سروشت و ئاووهەوا بەرەوپێش ببەن. هەنگاوێکی گەورەتریان هاویشتووە و بە لای ئەستێرەناسیدا ڕۆیشتوون.
دیاریکردنی کاتەکانی ساڵ، وەرزەکان و گۆڕانە سروشتییەکان بەرهەمی ئەم لێگەڕینەیە. ئەوان توانیان درێژترین و کورتترین شەوی ساڵ دیاری بکەن. ئەوان سیستەمێکیان ئافراند کە ئێمە ئەمڕۆ پێی دەڵێن نەورۆز و چلەی زستان.
بەرهەمی ئەم پەیجۆرییە، هێدی هێدی لە چوارچێوەی سیستەمێکی هزریدا کۆبوویەوە کە پاشان وەک میتراییزم ناسرا. ناوەڕۆکی پەیامی میترا ئەمەیە: مرۆڤ بە چاوی کراوە لە دەوروبەری خۆی بنواڕێت و سیستەمێک بۆ بەڕێوەبردنی ژیانی خۆی دامەزرێنێت کە هەم سروشتپارێز بێت هەم مرۆڤپارێز. ئێوە ئەمڕۆ دەتوانن ڕۆحی ئەم هزر و کولتوورە بە تایبەت لای ئێزیدی، عەلەوی و یارسان بەدی بکەن یان لای هەر باوەڕ و کولتوورێک کە لەم ڕیشەوە سەرچاوە بگرێت.
I بڵاوبوونەوەی میتراییزم لە ئەورووپا
سوود و گرنگیی زانست و ڕامانی میتراییەکان بوو بە هۆکار کە سنوورەکان تێپەڕێنێت و ئەم هزر و کولتوورە بەرەو وەڵاتانی دوورتر بڵاو ببێتەوە.
بە تایبەت دوای ئەوەی میتراییزم دەربازی ئیمپڕاتۆری ڕۆما بوو و وەک ئایینی فەرمی پەسەند کرا، میتراییزم لە خۆی گەیاندە ئەورووپاش. لەم پڕۆسەیەدا زۆر سمبوول و هێمای کولتووری کوردستان و دەوروبەری پەڕینەوە ئەورووپا.
کاریگەریی کولتووری میتراییەکان ئەوەندە زۆر بوو، کاتێک ئایینی مەسیحی لە ئیمپراتۆرەتیی ڕۆم جێگەی ئایینی میترایی گرتەوە، ئەم کولتوورە ون نەبوو و بە هەندێک گۆڕانکارییەوە دەربازی ئایینی مەسیحی بوو. کاتێک ساڵنامەی ژولیان بۆ ساڵنامەی زایینی گۆڕا. شەوی یەڵداش لە شەوی لەدایکبوونی میترا بوو بە شەوی لەدایکبوونی عیسا. هەتا ئێستاش پێگەی زانستی ئەستێرەناسی، کولتوور و نەریتی میتراییەکان لە ساڵنامە و پیرۆزباییەکانی دونیای ئەمڕۆدا ڕەنگدانەوەی هەیە.