بەبۆنەی نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی بەرلین، یەکێتیی خێزانە کوردستانییەکان لە ئەڵمانیا (یەکماڵ) زنجیرەیەک دیدار لەگەڵ بەربژێری پارتە دیموکراسییەکان بۆ پۆستی بورگەرمایستەری بەرلین ساز دەکات.
لە چوارچێوەی ئەم زنجیرە دیدارەدا، ڕێکەوتی ٣١ی ئابی ٢٠٢٦ لە ئۆفیسەکەمان لەگەڵ ئەلیف ئەرالپ بەربژێریی پارتی چەپ کۆبووینەوە.
بەرپرسانی بەشەکانی ڕێکخراوەکەمان و نوێنەرانی ڕێکخراوە کوردییەکانی دیکە ئامادە بوون و بەکورتی خۆیان ناساند و پرسیاریان ئاراستەی ئەلیف ئەرالپ کرد. هەموو بەشداران پێشخستنی زمانی کوردی و ڕاهێنانێکی هەستیار لە بەرانبەر هەڵاواردن بۆ کارمەندانی دامودەزگەکانی حکومەت، بە ئەرکێکی سەرەکیی حکومەتی داهاتووی هەرێمی بەرلین دەزانن.
ئەلیف ئەرالپ پێزانینی خۆی بۆ کارەکانی ڕێکخراوی یەکماڵ و ڕێکخراوە کوردییەکانی دیکە دەربڕی کە بەشدارییەکی گرنگ لە پێکەوەژیانی بەرلینی فرەڕەنگدا دەکەن.