جەژنی نەورۆز

جەژنی نەورۆز

کچێکی کورد لە کوردستان جلوبەرگی نەتەوەیی لەبەرکردووە و مەشخەڵی ئاگری نەورۆزی بەرز کردووەتەوە. \وێنەگر: سالار ئەرکان

نووسینی: شاسوار مامە

بە هاتنی بەهار سروشت خۆی نوێ دەکاتەوە، گەڵای درەخت و گوڵەکان شین دەبنەوە و دەست بە ژیانێکی نوێ دەکەن. ئەم پێڤاژۆیە ناوی نەورۆزە. کورد کە نزیکن لە سروشت، ژیانەوەی سروشت بە ژیانەوەی خۆیان دەزانن.

هەموو ساڵێک لە ٢٠ و ٢١ی ئاداردا گەلی کورد لە کوردستان و جیهان جەژنی نەورۆز پیرۆز دەکات. نەورۆز یان ڕۆژی نوێ هەم سەری ساڵی کوردییە هەم دەستپێکی وەرزی بەهار و ژیانەوەی سروشتە.

ئێوارەی ٢٠ی ئادار لە گوند و شارەکان، لە کۆڵان و باخچەکانی کوردستان مرۆڤ بە جلوبەرگی نەتەوەیی لە دەوری ئاگرێکی گەورە کۆدەبنەوە. مەشخەڵی ئاگر هەڵدەکەن و پێکەوە هەڵدەپەڕن. بەم شێوەیە پێشوازی لە نەورۆز دەکەن.

ئاگر و ڕۆژ لە فەرهەنگی کورداندا پیرۆزن. لەبەرئەوە زۆر جار کوردستان بە "وەڵاتی ئاگر و ڕۆژ" ناوی دەهێندرێت. لە پیرۆزباییەکانی نەورۆزدا ئەمە بەڕوونی ڕەنگ دەداتەوە.

ڕۆژی ٢١ی ئادار، لە زۆر شار کۆبوونەوەی گەورەی سیاسی ساز دەکرێن. لەو کۆبوونەوە جەماوەرییانەدا کورد بە جلوبەرگی نەتەوەیی بەشدار دەبن، ئاگر هەڵدەکەن و پێکەوە گۆرانی دەڵێن. لە هەمان کاتدا پەیامی سیاسی پێشکەش دەکەن و باسی بارودۆخی خۆیان دەکەن، ئیرادەی خۆیان پیشان دەدەن و خواستە نەتەوەییەکانیان دەخەنەڕوو.

نەورۆز لە لایەن چەند گەلێکی دیکەشەوە پیرۆز دەکرێت. بەڵام نەورۆزی کوردان بە گشتی جیاوازە. هەم شێوازی پیرۆزکردنی هەم ماناکەی جیاوازە. ئێمە نەورۆز بە گرنگترین و گەورەترین جەژن دادەنێێن، چونکە ئەم جەژنە پێوەندی بە گۆڕانی سروشتی وەڵاتەکەمان، فەرهەنگی ئێمە، دۆخی سیاسی و پرسی گەلەکەمانەوە هەیە. لەبەرئەوە کورد لە هەموو هەلومەرجێکدا بەشێوەیەکی بەرفرەوان جەژنی نەورۆز پیرۆز دەکات.

کوردستان لەمێژە تینووی ئازادییە. وەڵاتێکی فرەڕەنگ و فرەفەرهەنگە. دەتوانین بڵێین کە جەژنی نەورۆز گوزارشت لەم فرەڕەنگییە دەکات. هەموو ساڵێک ئێمە لە جەژنی نەورۆزدا بە هەموو جیاوازییەکانمانەوە دێینە لای یەکتر و هیوامان بۆ ئازادی و ڕزگاری لە بندەستی نوێ دەکەینەوە و هێزی یەکێتی و خاوەندارەتیکردن لە ناسنامە و فەرهەنگی خۆمان بەهێز دەکەین.

جەژنی نەورۆزتان پیرۆز بێت!


ئەم لاپەڕەیە بڵاو بکەوە

هەواڵنامەکەمان ئابوونە بکەن



سوودەکانت
دوا ناکەویت لە وەرگرتنی زانیاری
هەمیشە دەتوانی لێی بچیتە دەرەوە
زانیارییە کەسییەکانت پارێزراون


چاوتان لەسەرمان بێت لە

بابەتی پێوەندیدار

  • شەوی یەڵدا
    شەوی یەڵدا

    لە ٢١ی دیسەمبەردا، لە کوردستان و چەند وەڵاتێکی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوین شەوی یەڵدا (شەوچلە) پیرۆز دەکرێت. یەڵدا، درێژترین شەوی ساڵە و دەکەوێتە دواهەمین ئێوارەی پاییز و یەکەمین شەوی زستان.