کوردانی یارسان لەم ڕۆژانەدا جەژنی خاوەنکار پیرۆز دەکەن. ئەمە گرنگترین جەژنی یارسانەکانە وەک لە کتێبە پیرۆزەکەیان “سەرەنجام”دا هاتووە.
ئەم جەژنە هەموو ساڵێک لە چلەی پاییزدا بەڕێوە دەچێت، هێمای سەرکەوتنی یارسانە بەسەر نەیارەکانی دا و یادکردنەوەی سەرکەوتنی دامەزرێنەری ئایینی یارسان سوڵتان ساهاکە لە بەرانبەر نەیارەکانی لە سەدەی دوازدەهەمدا.
ئەمساڵ جەژنی سێ ڕۆژەی خاوەنکار لە ڕۆژانی ١٤ و ١٥ و ١٦ی نۆڤەمبەر بەڕێوەدەچێت. لەو ماوەیەدا باوەڕدارانی یارسان سێ ڕۆژ بەڕۆژوو دەبن، کەڵەشێرێک دەکەنە قوربانی، هەنار و نانی کوردی و برنج لەنێو خەڵکدا دابەش دەکەن. باوەڕمەندان لە جەمخانە کۆدەبنەوە و عیبادەتی خۆیان دەکەن. تەنبوور کە ئامێرێکی موزیکی یارسانەکانە، لە مەراسیمە ئایینییەکاندا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە.
یارسان کە بە کاکەیی یان ئەهلی حەق-یش ناسراوە، پێکهاتەیەکی ئایینیی کوردە و باوەڕدارانی لە ناوچەکانی نێوان ڕۆژهەڵاتی کوردستان، باشووری کوردستان و هەندەراندا دەژین. بەپێی ئامارە نافەرمییەکان ژمارەیان چەند ملیۆن کەسە.
بەبۆنەی جەژنی خاوەنکارەوە، ئێمە وەک یەکماڵ پیرۆزبایی لە تەواوی جڤاکی یارسان دەکەین. یارسانەکان بە تایبەتمەندییە کولتووری و جڤاکی و ئایینییەکانییەوە بەشێکی گرنگی جڤاکی فرەڕەنگی کوردستان پێکدەهێنن و چالاکانە لە ژیانی جڤاکیدا بەشدارن.
هیوادارین ئەم جەژنە ببێتە هۆی شادی و ئارامیتان. جەژنی خاوەنکار پیرۆز بێت!