لە ٨ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣ جاڕنامەیەک بە ناوی “ئێمە پشتگیری لە نووسینگەکانی تۆمارکردن لە بەرلین دەکەین – لەپێناو جڤاکێکی شارستانی لەسەر بنەمای هاوپشتی و فرەڕەنگی بەبێ هەڵاواردن” بڵاو کرایەوە. یەکەمین ئیمزاکان لە لایەن ڕێکخراوەکانی جڤاکی سڤیل کە ڕۆڵیان لە نووسینگەکانی تۆمارکردنی بەرلیندا هەیە، کراون. ئەم ڕاگەیەندراوە کاردانەوەیە بەرانبەر هەڵمەتێک کە لە دژی ناوەندەکانی بەبەڵگەکردنی ڕێکخراوەکانی جڤاکی سڤیل چەند هەفتەیەک بەردەوام بوو. هەروەها نزیکەی ٢٠٠ ڕێکخراو و کەسی دیکە پشتگیری لەم جاڕنامەیە دەکەن.
ناوەندی تۆماری بەرلین نزیکەی ٢٠ ساڵە چاودێریی ڕووداوە ڕاستڕەوییەکان و هەڵاواردن لە ناوچەکانی شاری بەرلین دەکات. ساڵانە چەندین هەزار حاڵەتی نەژادپەرستی، دژەجوو، ڕاستڕەویی تووندڕەو، دژەفێمینیست، دژەکویر، دژایەتیی بێماڵەکان و خاوەنپێداویستییەکان تۆمار دەکات. حاڵەتەکان لە لایەن تۆڕی دوازدە نووسینگەی تۆمارکردن لە ناوچەکان، زیاتر لە ٢٣٠ هێڵی پەیوەندی و دەیان هاوکار تۆمار دەکرێن. لە نۆڤەمبەری ٢٠٢١ بەدواوە، ناوەندی فرەڕەنگیی ئینتەرسێکشناڵ لە یەکماڵ نووسینگەی تۆماری ناوچەی نۆیکۆلن-ی لەئەستۆ گرتووە. ئامانجی چاودێرییەکان ئەوەیە کە دوورخستنەوە و بێبەهاکردنی کەمینەکان لە جڤاکدا ئاشکرا بکرێت و هەڵبەسنگێندرێن.
لە ماوەی ٦ هەفتەی ڕابردوودا، ٥٠ بابەتی هێرشکاری وەک گوتار، نووسینی بلۆگ، ڤیدیۆی یوتوب و پۆستی ئێکس/تویتەر و تەلەگرام لە دژی نووسینگەکانی تۆمارکردن بڵاوکراونەتەوە. جگە لە تەلەفۆن و ناردنی ئیمەیڵی هێرشکار، بەنزیکەیی ١٢٠٠ ڕاپۆرتی ساختە بۆ نووسینگەکانی تۆمارکردن لە بەرلین نێردراون.