ڕۆژی ٨ی دیسەمبەری ٢٠٢٣ لە بینای شارەوانیی نۆیکۆلن لە بەرلین کۆبوونەوەیەک لە نێوان نووسینگەی تۆماری نۆیکۆلن و بەشی هاریکاریی پەروەردەیی گەڕۆک-ی سەر بە یەکماڵ و ئەندامی ئەنجومەنی قەزای نۆیکۆلن بۆ کاروباری جەوانان سارا ناگێل بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا کۆرنێلیا ڕازولیس جێگری بەڕێوەبەری یەکماڵ، تایلان پۆڵات بەڕێوەبەری بەشی هاریکاریی پەروەردەیی گەڕۆک لە یەکماڵ، مەریخ ئەرگون بەڕێوەبەری نووسینگەی تۆماری نۆیکۆلن و بەشی دژەهەڵاواردن لە یەکماڵ، لەگەڵ خانمی ناگێل و هاوکارەکەی تیم مارتسان ئامادە بوون.
لەو دیدارەدا باسی چەندین بابەتی جیاواز کرا، بە تایبەتی چۆنەتیی فرەوانکردنی هاریکاری لە نێوان بێتسیرک و یەکماڵ لە ئایندەدا. ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی لە ساڵی ٢٠٢٤دا نووسینگەی تۆماری نۆیکۆلن و ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی قەزای نۆیکۆلن چالاکییەکی هاوبەش ڕێکخەن بۆ ئەوەی بژاردەکانی تۆمارکردنی حاڵەتەکانی هەڵاواردن لە ناوچەکە باشتر ڕابگەیەندرێن.
هەروەها پلان هەیە کە هاوکاری و هەماهەنگی زیاتر لە نێوان یەکماڵ و ئەندامەکەی ئەنجومەنی قەزای نۆیکۆلندا هەبێت لە بوارەکانی هاریکاریی جەوانان، ئۆفەرەکان بۆ خێزانە کوردیزمانەکان و بەرەنگاربوونەوەی هەڵاواردن.