23 ئایار 2025 | هێرفۆرد | چالاکی

یەکماڵ پێشانگەیەکی وێنەیی لە هێرفۆرد کردەوە

یەکماڵ پێشانگەیەکی وێنەیی لە هێرفۆرد کردەوە

 

لە چوارچێوەی ڕۆژانی فەرهەنگی کوردیدا، لقەکانی ڕێکخراوی یەکماڵ لە هێرفۆرد و بیلەفێلد پێشانگەیەکی وێنەییان بە سەرناوی "لە تاریکییەوە بەرەو ڕووناکی - هیوای مەلەک تاوس" کردەوە. پێشانگەکە لە مۆزەخانەی Herford Marta Hoch2 بە پشتگیریی دارایی نێوەندی بەرەنگاربوونەوەی نەژادپەرستی و ڕاستڕەویی تووندڕەو NRWeltoffen بەڕێوەدەچێت.

لە پێشانگەکەدا ١٦ وێنەی وێنەگری ڕۆژنامەوانی ڕەوەند جەواد سمایل پیشان دەدرێن. ناوبراو بە کامێرای خۆی نیگای بێهوای ئەو ئێزدییانەی تۆمار کردووە کە لە کەمپەکانەوە سەیری جیهان دەکەن و چاویان لە هاریکارییە. وێنەکانی دەکرێت ببنە "دەنگێک بۆهاواری ئەوان".

پێشانگە ڕۆژی ١٦ی ئایار کاتژمێر ١٦:٣٠ بە گوتەی بەخێرهاتن لە لایەن نوێنەری مۆزەخانەی Marta Herford Marta Hoch 2 ئاننا پێپلینسکی کرایەوە. ناوبراو گوتی: "ئێمە خۆشحاڵین کە لەگەڵ ڕێکخراوی یەکماڵ کارێکی وەها ڕێکدەخەین. هیوادارین لە داهاتووشدا پێکەوە کار بکەین."

هاوکارمان زەریفە حوسێن بە ناوی لقی یەکماڵ لە بیلەفێلد بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد و گوتی، "لە ڕێی پیشاندانی ئەم وێنانە دەمانەوێت جینۆسایدی دژ بە ئێزدییەکان بخەینەڕوو. سپاسی ڕەوەند جەواد دەکەین بۆ گرتنی ئەو وێنانە."

هەروەها هاوکارمان لە لقی هێرفۆرد موراد مانگ لە گوتەکەیدا پیرۆزبایی ڕۆژی زمانی کوردی کرد و سپاسی مۆزەخانەکە و نێوەندی بەرەنگاربوونەوەی نەژادپەرستی و ڕاستڕەویی تووندڕەو-ی کرد بۆ هاوکاری و پشتگیرییان.

وێنەگری کورد ڕەوەند جەواد باسی وێنەکانی بۆ ئامادەبوان کرد و گوتی، "لە دوای هێرشی داعش بۆ سەر ئێزدییەکانی شەنگال لە ساڵی ٢٠١٤دا، وێنەکانم لەو کەمپانە گرت کە ئێزدییەکان وەک ئاوارە تێیدا دەمانەوە."

لە کۆتایی مەڕاسیمی کردنەوەی پێشانگەدا، هونەرمەند ئاواز بە موزیک و دەنگە خۆشەکەی بەرنامەکەی دەوڵەمەندتر کرد. ئێمە زۆر سپاسی دەکەین.

ئەو وێنانەی دەفرۆشرێن، داهاتەکەیان دەبەخشرێتە پڕۆژەکانی دەستپێشخەریی هیوا و ئاشتی بۆ کوردستان کە ئۆفیسەکەی لە بیلەفێلدە. بەم بەخشینە پارکێکی منداڵان لە شەنگال و نێوەندێکی منداڵان لە کۆبانێ دەکرێتەوە.

پێشانگە تا ٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ کراوە دەبێت.

ڕۆژانی سێشەممە - یەکشەممە هەروەها ڕۆژانی پشووی فەرمی
کاتژمێر: ١١-١٨ (چوارشەممە ١١-٢٠)
ناونیشان: Marta Hoch 2, 2.OG Marta Herford
Goebenstr. 4/10, 32052 Herford

 


ئەم لاپەڕەیە بڵاو بکەوە

هەواڵنامەکەمان ئابوونە بکەن



سوودەکانت
دوا ناکەویت لە وەرگرتنی زانیاری
هەمیشە دەتوانی لێی بچیتە دەرەوە
زانیارییە کەسییەکانت پارێزراون


چاوتان لەسەرمان بێت لە

بابەتی پێوەندیدار