01 ئۆکتۆبەر 2025 | بەرلین

خەڵاتی یەکماڵ بۆ باشترین کورتەفیلم لە پازدەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی بەرلین

خەڵاتی یەکماڵ بۆ باشترین کورتەفیلم لە پازدەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی بەرلین


پازدەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی بەرلین ڕۆژانی ٢٥ی ئەیلوول تا ١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥ بەڕێوەچوو. ڕێکخراوی یەکماڵ هاوکاری بەردەوامی فێستیڤاڵەکەیە و ساڵانە خەڵاتێک پێشکەش دەکات. ئەم ساڵ خەڵاتەکەمان کە بڕی ١٠٠٠ یۆرۆیە پێشکەشی باشترین کورتەفیلم کرد.

خەڵاتەکەمان بەخشی بە بەڵگەفیلمی "ئێمە ناومان بیانییە"یە. پێشتر ئێمە ڕامانگەیاندبوو کە باشترین کورتەفیلمی منداڵان خەڵات دەکەین، بەڵام بەهۆی ئەوەی کەم فیلمی منداڵان بۆ فێستیڤاڵ نێردران، بڕیارماندا بەشداری لە پێشبڕکێی گشتیی کورتەفیلمدا بکەین.

مەڕاسیمی پێشکەشکردنی خەڵاتەکان ڕۆژی ٣٠ی ئەیلوول لە سینەمای بابیلۆن بەڕێوەچوو. بەڕێوەبەری گشتیی یەکماڵ گونای داریجی خەڵاتەکەی پێشکەش کرد. بەهۆی ئەوەی دەرهێنەری فیلم سەلین بەسیلی نەیتوانیبوو ئامادە بێت، خەڵاتەکە بەنوێنەرایەتی لە لایەن ڕێزان عەبدولعەزیز ڕێکخەری فێستیڤاڵەکەوە وەرگیرا.

فیلمی براوە؛ Our Name is Foreigner

لیژنەی یەکماڵ بۆ هەڵبژاردنی باشترین کورتەفیلم، لە سێ کەس پێکهاتبوو. فیلمی براوە توانیویەتی بەشێوەیەکی ناوازە ڕاستینەی ژیانی منداڵ، جەوان و خێزانەکانی دیاسپۆرا بخاتەڕوو. ئەو ڕاستییەی کە ئێمە وەک یەکماڵ لە کار و چالاکیی ڕۆژانەی خۆماندا نوێنەرایەتی دەکەین و پشتگیری دەکەین. لە فیلمەکەدا چوار خوشک و برا کە لە سویسرا لەدایک بوون یان لەوێ گەورە بوون، ئەزموونی ڕۆژانەی خۆیان لەگەڵ نەژادپەرستی و هەڵاواردن دەگێڕنەوە. ئەوان بەدوای مانای پەیوەستبووندا دەگەڕێن و دەیانەوێت بزانن بۆچی بە "جیاواز" دادەنرێن و چۆن دەتوانن فێر ببن کە مامەڵەی لەگەڵ بکەن. بەم شێوەیە ئەوان بیر لە ژیاننامە و ڕیشەی خۆیان دەکەنەوە و هەڵوێستی خۆیان بۆ پێشخستنی ژیانیان نیشان دەدەن. لە هەمان کاتدا بەڵگەفیلمەکە گوزارشت لە زۆر منداڵ، جەوان و خێزانی کورد دەکات کە لە تورکیا و دیاسپۆرا ڕووبەڕووی نەژادپەرستی و هەڵاواردنی دژەکورد دەبنەوە.


لیژنەی یەکماڵ

فیلمی براوە لە لایەن لیژنەیەکی سێ کەسییەوە هەڵبژێدرا کە لە بواری پەروەردە و فێرکاری، فەرهەنگ و مافی مرۆڤدا چالاکن؛

  • ئۆزگول بەندەش
    کارمەندێکی جڤاکییە و ئەزموونی فرەوانی لە پەروەردەی منداڵی ساوادا هەیە. ئەو هەم وەک بەڕێوەبەری تیم هەم وەک ڕاهێنەر و ڕاوێژکاری خێزان ڕۆڵی هەبوو لە پڕۆسەی دامەزراندنی دووهەمین زارۆخانەی پییا کە دواتر ئەرکی بەڕێوەبردنی زارۆخانەکەشی گرتەئەستۆ. ئۆزگول ئێستا بەڕێوەبەری پێشخستنی لقەکانی یەکماڵە. لە بوارەکانی پێشکەوتنی منداڵی، پاراستنی منداڵ، فێربوونی زمان و فرەزمانی شارەزایە. هەروەها بەرپرسی پاراستنی منداڵە لە ڕێکخراوی یەکماڵ.
  • شاسوار مامە
    ڕۆژنامەنووسێکی سەربەخۆ و چالاکێکی جڤاکی سیڤیلە. ئەو هەم لە کوردستان و هەم لە ئەورووپا ئەزموونی زۆری لە میدیا و کاری ڕێکخراوەییدا هەیە. زیاتر سەرنجی لەسەر فرەڕەنگیی ئینتەرسێکشناڵ، مافی مرۆڤ و بەرەنگاربوونەوەی هەڵاواردن و نەژادپەرستییە. شاسوار ئێستا بەڕێوەبەری میدیا و پێوەندییە گشتییەکانە لە ڕێکخراوی یەکماڵ. چەندین ساڵە چالاکانە لە بواری فەرهەنگ، پەروەردە و فێرکاریدا لەنێو جڤاتی کورد لە ئەڵمانیا کار دەکات. بە تایبەتی بۆ پێشخستنی زمانی کوردی و دیاربوونی ناسنامە و فەرهەنگی کوردی هەوڵ دەدات. 
  • بارش سەیدڤان
    هونەرمەند و کوراتۆرێکی سەربەخۆیە. خاوەنی ٢٠ ساڵ ئەزموونی پیشەییە لە هاوکاریکردن لەگەڵ دامەزراوە هونەرییەکان، هونەرمەند و ڕێکخراوە قازانجنەویستەکان. ئەو سەرنجی لەسەر هونەری هاوچەرخ و کۆچبەری لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە. پێشانگەکانی باڕش لەبارەی بابەتەکانی مێژوو، جوگرافیا و سیاسەت، هەروەها کێشە فەرهەنگییەکانی وەک زمان، دەربەدەری، زایەند و کۆچبەرین. ئەو ئێستا لە ئەکادیمیای یەکماڵ مامۆستای زمانی کوردییە و لە ڕێکخراوی یەکماڵیش وەک دیزاینەری گرافیک لە تیمی میدیادا کار دەکات. 

ئەم لاپەڕەیە بڵاو بکەوە

هەواڵنامەکەمان ئابوونە بکەن



سوودەکانت
دوا ناکەویت لە وەرگرتنی زانیاری
هەمیشە دەتوانی لێی بچیتە دەرەوە
زانیارییە کەسییەکانت پارێزراون


چاوتان لەسەرمان بێت لە

بابەتی پێوەندیدار