26 ئایار 2025 | کوردی | بەرلین

دیدارێک لەبارەی وانەی کوردی لە فێرگەکانی بەرلین

دیدارێک لەبارەی وانەی کوردی لە فێرگەکانی بەرلین

 

ڕۆژی ١٦ی ئایار بەبۆنەی ڕۆژی زمانی کوردی بە هاوکاری ڕێکخراوەکانی جڤاتی کوردانی بەرلین دیدارێکی کراوەمان ساز کرد. ڕۆژەڤی سەرەکیی دیدارەکە، دۆخی ئێستا و ڕوانگەکانی پێشخستنی وانەی کوردی لە فێرگەکانی بەرلین بوو.

دیدارەکە لە لایەن شەریف دەرینجە بەڕێوەبەری ئەکادیمیای یەکماڵ بەڕێوەبرا. سەرەتا حوسێن تاشان سەرۆکی جڤاتی کورد لە بەرلین-براندنبورگ، گونای داریجی بەڕێوەبەری گشتیی یەکماڵ، ڕەمزیە ئویکون ڕێکخەری تۆڕی بێفان، حەیدەر دەنیز مامۆستای کوردی و ئەندامی یەکێتیی مامۆستایانی کوردی لە ئەڵمانیا گوتەیان پێشکەش کرد. قسەکانی ئەوان ڕێخۆشکەر بوون بۆ گفتوگۆیەکی بەسوود لەنێوان بەرپرسانی ڕێکخراوە کوردییەکان، دایکان و باوکان، تۆژەران، مامۆستا و چالاکی زمانی کوردی.

لە کۆتاییشدا بڕیار درا گرووپێکی چالاک دروست بکرێت بۆ ئەوەی ستراتیژ و هەوڵی هاوبەش بۆ پێشخستنی زمان، ناسنامە و فەرهەنگی کوردی بەرەوپێش ببات و دەنگی جڤاکی کورد لە بەرلین بەرزتر بکاتەوە. تۆڕی بێفان-یش بڕیارە گفتوگۆ بکات لەسەر دامەزراندنی گرووپێکی دیکە بە ئامانجی پێشخستنی وانەی زمانی دایک بۆ هەموو زمانەکان لە فێرگەکانی بەرلیندا.

لە ساڵی ٢٠١٩ بەدواوە خوێندکارانی کورد لە بەرلین دەتوانن زمانی کوردی لە فێرگەکان فێر ببن. سەرەتا وانەی کوردی بە خوێندنی کورمانجی دەستی پێکرد، دواتر بە کرمانجکی\زازاکی فرەوانتر کرا. ئەم هەنگاوە گرنگە بە هەوڵ و ماندووبوونی چەندین ڕێکخراوی جڤاتی کورد و کەسانی دڵسۆزی زمانی کوردی نرا. لەبەرئەوە گرنگە کە جڤاتی کورد بەردەوام بۆ پاراستن، پێشخستن و خستنەبەرچاوی وانەی کوردی لە فێرگەکانی بەرلین چالاک بێت.

لە دیدارەکەدا ئەم ڕێکخراوانە بەشدار بوون:

  • یەکێتیی خێزانە کوردستانییەکان لە ئەڵمانیا (یەکماڵ)
  • ئەکادیمیای یەکماڵ
  • تۆڕی بێفان
  • یەکێتیی مامۆستایانی کوردی لە ئەڵمانیا
  • ئینستیتووی زوان و کولتوری کرمانجی (زازا)
  • جڤاتی کورد لە بەرلین-براندنبورگ
  • نێوەندی کوردی
  • نێوەندی فەرهەنگ و هونەری میتانی
  • جڤاتی عەلەوییەکانی بەرلین

 


ئەم لاپەڕەیە بڵاو بکەوە

هەواڵنامەکەمان ئابوونە بکەن



سوودەکانت
دوا ناکەویت لە وەرگرتنی زانیاری
هەمیشە دەتوانی لێی بچیتە دەرەوە
زانیارییە کەسییەکانت پارێزراون


چاوتان لەسەرمان بێت لە

بابەتی پێوەندیدار