وێنە لە لایەن؛ مارینا مارکۆڤا\یەکماڵ
ڕۆژی ١٣ی تەمووزی ٢٠٢٥، گەلەریی بەرلین لە پەنجاهەمین ساڵیادی دامەزراندنی خۆیدا، ئاهەنگی هاوینەی ساز کرد. گرووپی ژنان و گرووپی پیاوان لە بەشی بەشداری و جڤاتسازیی یەکماڵ کە لە ساڵی ٢٠٢٢ بەدواوە لە چوارچێوەی بەرنامەی نیشتەجێبوون "Standortwechsel"دا لەگەڵ گەلەریی بەرلین هاوکاری دەکەن، بەشدار بوون.
لە جیاتی گوڵ، کۆلەکتیڤی گوڵ شەڕەبالیفی هەڵگیرساند - هەر بەڕاستیش وابوو! ماوەی چەند مانگێک بوو گرووپی ژنان بەچڕی کاری لەسەر ئەو بالیف و سەرینانە دەکرد کە لەلایەن تاکەکەسەوە دیزاین کراون. بەرگی سەرینەکان دروان، نەخشێندران و ڕەنگ کران. لە ڕۆژی ئاهەنگەکەدا سەرین و بالیفەکان لەسەر قەنەفەیەکی گەورە و سەرنجڕاکێش لە گەلەریی بەرلین دانرابوون. ئەمە ئەزموونێکی تایبەت بوو بۆ منداڵان، دایکان و باوکان. بالیفەکان بەهەوادا دەفڕین، گاڵتە و پێکەنین ئەو شوێنەی پڕکردبوو. لە کۆتاییدا هەموان لەسەر جێی خۆیان ڕاکشان - ماندوو، بەڵام شادمان!
وەک بەشێک لە بەشداریی هەرەوەزی، میوانەکانیش دەیانتوانی سەرینە بچووکەکانی خۆیان بنەخشێنن و وەکوو یادەوەرییەکی ئەو ڕۆژە تایبەتە لەگەڵ خۆیان بیبەنەوە ماڵەوە.
لە هەمان کاتدا، گرووپی پیاوان لە هۆڵەکانی گەلەریدا ستۆدیۆیەکیان دروست کرد. لەوێ کارەکانی خۆیان پیشان دا کە بە ئامێر و تەکنیکی جیاواز لە دار دروستیان کردبوون. هەروەها چیرۆکەکانی پشت ئەم کارانەیان گێڕانەوە. میوانەکانیش بانگهێشت کران تا لەوێ بە کەلوپەلە جیاجیاکان ئەو کارە دارینانە دروست بکەنەوە.
ڕۆژێکی پڕ لە بەریەککەوتن، وزەی داهێنەرانە و دیزاینی هەرەوەزی بوو. بەو شێوەیەی کە حەزمان لێیە!
ئێمە وەک ڕێکخراوی یەکماڵ پیرۆزبایی پەنجاهەمین ساڵیادی دامەزراندنی گەلەریی بەرلین دەکەین و خۆشحاڵین بە بەردەوامیی هاوکارییەکانمان.