ڕۆژی ٢٠ی شوباتی ٢٠٢٦ بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، ئەکادیمیای یەکماڵ بەشێوەیەکی سەرهێڵ شازدەمین ڕۆژی پسپۆڕی ساز کرد. ئەم ساڵ بەرنامەکە تایبەت بوو بە "بەشداریی دایکان و باوکان لە فێرگەدا - گرنگی و دەرفەتی وانەکان بە زمانی دایک"
پسپۆڕانی بواری پەروەردە، زانست، دامودەزگەکانی حکومەت و جڤاکی سڤیل بانگهێشتکرابوون تاکوو لەسەر ڕۆڵی فرەزمانی و بەشداریی دایکان و باوکان لەپێناو دادپەروەریی پەروەردەیی گفتوگۆ بکەن.
لە دوای گوتەی بەخێرهاتن لە لایەن گونای داریجی بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی یەکماڵ و بەڕێوەبەری گشتیی ئەکادیمیای یەکماڵ، کاتارینا نیڤیتسیال بەرپرسی کاروباری بەشداری، ئینتەگراسیۆن و کۆچبەری لە سێناتی بەرلین، هەروەها ئانیا ترایشێل بە نوێنەرایەتی تۆڕی دایکان و باوکان-ی ڕێکخراوەکانی کۆچبەران لە بواری پەروەردە و بەشداری (bbt) لە گوتەی خۆیاندا جەختیان لەسەر گرنگیی پەروەردە و فێرکاری بە زمانی دایک بۆ هەلی یەکسان و بەشداریی دیموکراسییانە کردەوە. کاتارینا نیڤیتسیال پێشوازی لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە و گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕەکانی دیکە کرد.
د. ئەرکان گورسۆی لە زانکۆی دیوسبورگ-ئێسن بابەتێکی بە سەرناوی "فرەزمانی بەبێ دەرفەتی یەکسان" پێشکەش کرد. ئەو سەرنجی خستە سەر ئاڵنگارییە پێکهاتەییەکان کە لە ژیانی فرەزمانیدا ڕووبەڕووی خێزانەکان دەبنەوە و ڕۆڵی دامەزراوە پەروەردەییەکان لە بەهێزکردنی سەرچاوەکاندا. دواتریش مونەوەر عەزیزئۆغلوو بازان و د. هاندان چاغلایان ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەیان لەسەر "کاریگەریی وانەکان بە زمانی دایک لەسەر بەشداریی پەروەردەیی دایکان و باوکانی بە پاشخان پەنابەر و کۆچبەر پێشکەش کرد. ئەنجامەکان دەریدەخەن کە فێرکاریی زمانی دایک نەک تەنها پەرە بە پێشخستنی زمانەوانیی منداڵان دەدات، لە هەمان کاتدا لەنێوان فێرگە و ماڵەوەشدا پردی پێوەندی دروست دەکات. ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێزکردنی بەشدارییەکی بەردەوام.
لە چوارچێوەی ئیڤێنتەکەدا دوو وۆرکشۆپی هاوکات سازکران و بوونە دەرفەتێک بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا.
لە وۆرکشۆپەکاندا باسی ڕێبازی کردەکی، ئەزموونەکانی کاری پەروەردەیی و ئاڵنگارییە پێکهاتەییەکان کرا. ڕوونکرایەوە کە بەشداریی دایکان و باوکان ئەو کاتە سەرکەوتوو دەبێت کە فرەزمانی وەک سەرچاوەیەک دانی پێدا بنرێت، زمانی دایک بەشێوەیەکی پێکهاتەیی بەهێز بکرێت و ڕوانگەی ڕەخنەگرانە لە بەرانبەر هەڵاواردن بەردەوام جێ بگرێت.
لە کۆتاییدا کۆرنێلیا ڕازولیس بەڕێوەبەری گشتیی ئەکادیمیای یەکماڵ ئەنجامە سەرەکییەکانی کۆنفڕانسەکەی بەکورتی پێشکەش کرد و سپاسی هەموو بەشدارانی کرد.
ئێمە سپاسی بەرپرسیارەتیی سێناتی بەرلین بۆ کاروباری بەشداری، ئینتەگراسیۆن و کۆچبەری دەکەین بۆ پشتگیرییەکەیان، هەروەها سپاس بۆ هاوبەشمان تۆڕی دایکان و باوکان-ی ڕێکخراوەکانی کۆچبەران لە بواری پەروەردە و بەشداری (bbt)، تۆڕی بێفان و پڕۆژەی ڤیرکت بۆ هاوکارییان. سپاسێکی تایبەتیش بۆ هەموو ئەوانەی دڵسۆزانە بەشدارییان لەم بۆنەیەداکرد.