ڕۆژی شەممە، ١٢ی تەمووزی ٢٠٢٥ دوایین ڕۆژی وەرزی بەهار-هاوینی فێرگەی شەممەی یەکماڵ بوو. بەرنامەی دوایین ڕۆژ لە کەشوهەوایەکی شاد و سەرکەوتوودا لە نێوەندی خێزانی ڕەنگین لە بەرلین بەڕێوەچوو. ئامانجی فێرگەکە ئەوەیە زمان و فەرهەنگی کوردی بە منداڵانی بەرلین بناسێنێت و هانیان بدات پێیەوە پەیوەست بن.
منداڵان لەگەڵ مامۆستا، دایکان و باوکان ئاهەنگی کۆتایی ئەم وەرزەیان گێڕا. دوای وانەکان، هەموو منداڵە بەشدارەکان بڕوانامەی بەشداربوونیان وەرگرت. ئەم بڕوانامەیە وەک ستایش بۆ هەوڵەکانیان و وەک هاندانێک بۆ زمانزانی پێشکەش کرا.
فێرگەی شەممەی یەکماڵ، پڕۆژەیەکی ئەکادیمیای یەکماڵە بە هاوکاری لەگەڵ نێوەندی خێزانی ڕەنگین و بەشی بەشداری و جڤاتسازیی ڕێکخراوی یەکماڵ.
فێرگەی شەممەی یەکماڵ لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣دا بە وۆرکشۆپە داهێنەکانی سەما بە زمانی کوردی بۆ منداڵان دەستی پێکردبوو. لە نیسانی ٢٠٢٤ بەدواوە وەرچەرخا بۆ بەرنامەیەکی پەروەردەیی بەردەوام. بەردەنگی ئەم بەرنامەیە سێ گرووپی تەمەنن لە ٤ ساڵان تا ١٠ ساڵان:
ئامانجی سەرەکیی فێرگەی شەممەی یەکماڵ ئەوەیە کە نەک تەنیا لە ڕێی وانەی کلاسیک، بەڵکوو هاوکات لە ڕێگەی ڕێبازە داهێنەکانی وەک سەما، موزیک و هونەر هاریکاریی منداڵان بکات بە زمانی کوردی پەیوەست بن. ئامانج ئەوەیە پەرە بە ڕوانگەیەکی فرەزمانی بدرێت و خۆشەویستیی زمانی دایک پتەو بکرێت.
لە ساڵی خوێندنی ٢٠٢٤\٢٠٢٥دا، نزیکەی ٥٠ منداڵ بەشدارییان لە بەرنامەی فێرگەی شەممەدا کردووە. پێشوازیی بەرچاوی خێزانەکان لە گەڕەکە جیاجیاکانی بەرلین، جارێکی دیکە پێویستی و گرنگیی ئەم دەستپێشخەرییە جڤاکییانەی نیشان دا.