بەخۆشحاڵییەوە ڕۆژی ٢٦ی ئایاری ٢٠٢٦ ڕێکخراوی پشتگیریی قوتابخانەی سەرەتایی ڕەزا باران لە بەرلین دامەزرا.
ئەم ڕێکخراوە ڕۆڵێکی گرنگ لە کۆکردنەوەی پشتگیری و پێشخستنی قوتابخانەکەدا دەگێڕێت. لەبەرئەوە زۆر گرنگە چالاکانە پشتگیریی هەنگاوەکانیان بکەین و ببینە ئەندام و بەشداری کارەکانیان بین. پێکەوە دەتوانین قوتابخانەی سەرەتایی ڕەزا باران بەهێز بکەین و بەرەوپێشی ببەین.
ئێمە وەک ڕێکخراوی یەکماڵ و خاوەنی قوتابخانەی سەرەتایی ڕەزا باران لە دڵەوە پێشوازی دامەزراندنی ڕێکخراوی پشتگیریی قوتابخانەی سەرەتایی ڕەزا باران دەکەین و پیرۆزبایی لە دەستەی بەڕێوەبەر دەکەین. هیوای سەرکەوتن و هەموو شتێکی باش بۆ کارەکانی داهاتوویان دەخوازین.
چەندین ساڵە ئێمە لە بەرلین هەوڵ بۆ کردنەوەی یەکەمین قوتابخانەی سەرەتایی ئەڵمانی – کوردی دەدەین. هیوادارین پلانەکەمان بەدی بێنین و لە ساڵی ٢٠٢٧ قوتابخانەکە بکەینەوە. کۆنسێپتی قوتابخانەکەمان پێشکەشی لایەنی پەیوەندیدار کردووە. چەندین گرووپ دادەمەزرێن بۆ کارکردن لەسەر بابەتەکانی وەک بینا، دارایی، ماتەریالی فێرکاری و کارمەندان. بەشێک لەو گرووپانە دەستیان بە کارەکانیان کردووە.
ئامانجمان ئەوەیە هەلی خوێندن بۆ منداڵانی جووتزمان لە قوتابخانەیەکی سەرەتایی بڕەخسێنین کە کوردی و ئەڵمانی بە شێوەیەکی یەکسان لەخۆ دەگرێت. پێشوازی لەو منداڵانەش دەکەین کە هێشتا کوردی نازانن. ئەوان لە ماوەی شەش ساڵی خوێندندا فێری زمانی کوردیش دەبن.