ڕۆژی ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ تۆڕی بێفان-ی ڕێکخراوی یەکماڵ بە هاوکاری لەگەڵ سەندیکای پەروەردە و زانست لە بەرلین بەرنامەیەکی ئاڵوگۆڕی پسپۆڕانەیان بە ناونیشانی "چەسپاندنی فرەزمانی بە شێوەیەکی کاریگەر – کۆنسێپت، ڕێباز، کردار" ساز کرد.
دەیان کەس لەم چالاکییەدا بەشدار بوون و ئاڵوگۆڕێکی گرنگ لە نێوان پسپۆڕانی زارۆخانە، فێرگە، زانستەکان و جڤاکی سڤیل هاتە ئاراوە.
سەرەتا بەرپرسی سەندیکای پەروەردە و زانست لە بەرلین گۆکهان ئاکگون بەخێرهاتنی ئامادەبوانی کرد و لە قسەکانیدا سەرنجی خستە سەر گرنگیی فرەزمانی بۆ دادپەروەریی پەروەردەیی، بەشداربوون و دەرفەتی یەکسان لە زارۆخانە و فێرگەدا.
دواتر گرووپی کاری "فرەزمانی لە زارۆخانە"ی تۆڕی بێفان لە لایەن مۆنیکا ڕێبیتسکی (LAMA/GEW) و هاوبەندیی فرەڕەنگی لە لایەن پێترا ڤاگنەر (ئینستیتووی جیهانی منداڵان) ناسێندران.
یەکەمین بابەتی زانستی لە لایەن د. ناتالی تۆپاج لە تۆڕی BIVEM لەبارەی "گەشەکردنی زمانیی منداڵی بچووک لە چوارچێوەی فرەزمانیدا" پێشکەش کرا. دووەمین بابەتیش لە لایەن د. ڤێرینا بلاسکیتس بە شێوەی ڤیدیۆی تۆمارکراو پێشکەش کرا.
بەشی دووەمی بەرنامەکە پێکهاتبوو لە چوار وۆرکشۆپی کردەکی کە تێیدا ڕێبازە پەروەردەییە جیاوازەکان بۆ پێشخستنی فرە زمانی پێشکەش کران و گفتوگۆیان لەسەر کرا.
تەواوی ڕۆژەڤی بەرنامەکە لە لایەن هاوکارمان ڕەمزیە ئوویکون ڕێکخەری تۆڕی بێفان و ڕۆنی فێهل لە سەندیکای پەروەردە و زانست لە بەرلین بەڕێوەبرا.
ئەم ئاڵوگۆڕە ڕوونی کردەوە کە چ وزەیەکی شاراوە لە پێشخستنی فرەزمانیدایە بە لەبەرچاوگرتنی سەرچاوەتەوەری و هەستیاری لە بەرانبەر هەڵاواردندا. لە هەمان کاتدا ئاڵنگارییە هەنووکەییەکان دەستنیشان کران و پێشنیاز بۆ کاربەدەستانی سیاسەت، فەرمانگەکان و دامەزراوە پەروەردەییەکان کۆکرانەوە کە دەبنە بەشێک لە کار و چالاکییەکانی تۆڕی بێفان لە داهاتوودا.
ئێمە سپاسی هەموو ئاخافتڤانان، ڕێبەرانی وۆرکشۆپەکان و بەشداران دەکەین بۆ بەشداری و پابەندبوونە گرنگەکەیان.