03 ئاب 2026 | لێدوان

دوازدەهەمین ساڵیادی جینۆسایدی دژ بە ئێزدییەکان

ڕێکەوتی ٣ی ئابی ٢٠١٤ ڕێکخراوی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بەشێوەیەکی سیستەماتیکی دەستی بە کۆمەڵکوژکردنی جڤاتی ئێزدی لە شەنگال کرد. لەو چوارچێوەیەدا هەزاران ئێزدی کوژران، سەدان هەزار ئاوارە بوون، ڕفێندران و ڕووبەڕووی تووندترین پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بوونەوە. نزیکەی حەوت هەزار ژن و منداڵی ئێزدی ڕفێندران، کرانە کۆیلە، ڕووبەڕووی تووندوتیژی سێکسی، ئەشکەنجە و دەستدرێژی بوونەوە. منداڵە کوڕەکانی ئێزدی کە ڕفێندرابوون، لە ڕووی ئایدیۆلۆژی و سەربازییەوە پەروەردە کران و بۆ ئامانجەکانی داعش – لەوانە هێرشی خۆکوژی بەکارهێندران.

کۆمەڵکوژی لەناکاو ڕووی نەدا. کۆمەڵکوژییەکان لە دوای چەندین ساڵ هەوڵدان بۆ داماڵین لە مرۆڤبوون، هەڵاواردن و بڵاوکردنەوەی ڕق دژی جڤاتێکی مرۆڤەکان دەست پێدەکەن. جڤاتی ئێزدی سەدان ساڵ بەهۆی ناسنامەی ئایینی ڕووبەڕووی ستەمکاری و هێرش بووبوویەوە.

ئێستا لە دوای ١٢ ساڵ تێپەڕبوون بەسەر کۆمەڵکوژییەکەدا، ئەنجامەکانی ئەو تاوانانە هێشتا ڕاستینەیەکن. زیاتر لە ٢٥٠٠ ژن و منداڵی ئێزدی هێشتا بێسەروشوێنن. گەڕان بەدوای بێسەروشوێنەکان و لێپرسینەوە لەم تاوانەنە پێویستە بەردەوام بن.

مانای یادکردنەوە فرەوانترە لە بیرەوەریی تاوانەکانی ڕابردوو. یادکردنەوە واتا خستنەڕووی بەردەوامیی تووندوتیژی و هەڵگرتنی بەرپرسایەتی. نەژادپەرستی دژ بە ئێزدی بە کۆتاییهاتنی داگیرکاریی خاک لە لایەن داعشەوە، کۆتایی نەهات. ڕق لە دژی جڤاتی ئێزدی و بچووکخستنی ناسنامەیان بەردەوامە.

لە عێراق، سووریا و تورکیا هێشتاش ئێزدییەکان ڕووبەڕووی هەڵاواردنی پێکهاتەیی، دوورخستنەوە و نەژادپەرستیی دژەئێزدی دەبنەوە. نەبوونی پاراستن، کۆچبەری و کەمپینەکانی ڕق و کینە هەمیشە دەریدەخەن کە ئەو هۆکارە سەرەکییانەی بوونە هۆی کۆمەڵکوژی هێشتا بەتەواوی تێنەپەڕێندراون.

نەژادپەرستیی دژەئێزدی سنوورەکان ناناسێت و دەگاتە ئەڵمانیاش. ئایدیۆلۆژیای نەژادپەرستی شێوەی فرەنەتەوەیی وەردەگرێت و درێژە بە کاریگەریی خۆی دەدات لە دیاسپۆرا. لەبەرئەوە پێویستیمان بە شوێنی سەلامەت و پشتگیری بۆ ڕزگاربووەکان هەیە لەگەڵ لێپرسینەوەی قانوونی دژی تاوانەکان بەشیوەیەکی بەردەوام.

داننانی پەڕلەمانی ئەڵمانیا بە کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان لە ساڵی ٢٠٢٣دا، هەنگاوێکی گرنگ بوو. پێویستە ئەنجامی بەرچاوی بەدوادا بێت. مرۆڤەکانی ئەو جڤاتانەی کە کەوتوونەتە بەر کاریگەریی کۆمەڵکوژی، نابێ بگەڕێندرێنەوە بۆ ئەو هەرێمانەی کە هیچ دڵنیاییەک بۆ ئاسایش و پاراستنیان نییە.

ئێمە یادی هەموو ئەو کەسانە دەکەینەوە کە لەم جینۆسایدەدا گیانی خۆیان لەدەست دا. هاوکات پشتگیریی خۆمان بۆ ڕزگاربووەکان و بێسەروشوێنەکان و ئەوانەی هێشتا برینەکانیان ساڕێژ نەکراوە دەردەبڕین. داوای دادگەییکردنی هەموو تاوانباران و پاراستنی ماف و ئاسایشی جڤاتی ئێزدی لە سەرانسەری جیهان دەکەین.

یادکردنەوە واتە هەڵگرتنی بەرپرسایەتی؛ لەپێناو ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو

 

یەکێتیی خێزانە کوردستانییەکان لە ئەڵمانیا – یەکماڵ

٣ی ئابی ٢٠٢٦

 

ئەم لاپەڕەیە بڵاو بکەوە

هەواڵنامەکەمان ئابوونە بکەن



سوودەکانت
دوا ناکەویت لە وەرگرتنی زانیاری
هەمیشە دەتوانی لێی بچیتە دەرەوە
زانیارییە کەسییەکانت پارێزراون


چاوتان لەسەرمان بێت لە

بابەتی پێوەندیدار