لە کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ەوە، شەپۆلێکی دیکەی ناڕەزایەتی سەرتاسەری ئێرانی گرتووەتەوە و هاوڵاتیان لە دژی باری سەختی ئابووری و سەرکوتکردنی سیاسی و پێکهاتەکانی دەسەڵات وەستاونەتەوە. دەوڵەت بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتووندی خۆپیشاندەران سەرکوت دەکات.
بەهۆی هەڵاوسان، بەرزبوونەوەی تێچووی ژیانی ڕۆژانە و قەیرانی دراوەوە، ناڕەزایەتییەکان بەخێرایی گەشەیان کرد و بوونە بزووتنەوەیەکی جڤاکیی فرەوان. لە شارەکانی ڕۆژهەڵات هێزی زۆر بڵاو کراونەتەوە وهێزە ئەمنییەکان بەکۆمەڵ خەڵک دەستگیر دەکەن. کورد دەیان ساڵە ڕووبەڕووی هەڵاواردنی سیستماتیکی و سەرکوتکردنی مافە سیاسی، فەرهەنگی و زمانییەکانی بووەتەوە و ئێستاش لە نێو ئەو گرووپانەیە کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.
بەپێی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لە خۆپیشاندانەکان سەدان کەس کوژراون و دەیان هەزار کەس دەستگیرکراون. هاوکات ڕژێمی ئێران هەوڵدەدات لە ڕێی سانسۆر و پچڕاندنی هێڵەکانی ئینتەرنێت، ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی زانیارییەکان بکات.
ڕێکخراوی یەکماڵ بەتووندی ئیدانەی تووندوتیژیی دژی هاوڵاتیانی سڤیلی بێچەک دەکات و داوای کۆتاییهێنان بە سەرکوتکردن و ئازادکردنی هەموو زیندانییە سیاسییەکان و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و مافی ناڕەزایەتیی ئاشتیانە دەکات.
ئێمە وەک یەکێتیی خێزانە کوردستانییەکان لە ئەڵمانیا (یەکماڵ)، هاوپشتیی خۆمان بۆ جڤاکی سڤیل لە ئێران و بە تایبەتی بۆ کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕادەگەیەنین. داوا لە جڤاکی نێونەتەوەیی دەکەین کە فشاری سیاسی بخاتە سەر حکومەتی ئێران.
یەکێتیی خێزانە کوردستانییەکان لە ئەڵمانیا (یەکماڵ)
١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦