لە ١٨ی دیسەمبەردا کە ڕۆژی جیهانیی کۆچبەرانە، ئێمە وەک یەکێتیی خێزانە کوردستانییەکان لە ئەڵمانیا – یەکماڵ بەبیردێنینەوە کە گەلی کورد بەشێکی گەورەی ئەڵمانیا پێکدێنێت. لە ٣٠ی ئۆکتۆبەری ١٩٦١ بەدواوە کە ڕێککەوتنی دامەزراندن لەگەڵ تورکیا ئیمزا کرا، ژمارەیەکی بەرچاوی هاوڵاتییانی کورد وەک کرێکار بەرەو ئەڵمانیا کۆچیان کرد. هەرچەندە ئەمەش دانی پێدا نانرێت، وەک هەمان دۆخ کە ئەمڕۆش هەر لە ئارادایە. لەگەڵ ئەوەشدا زۆر هاوڵاتیی کورد بە هۆکاری جەنگ، تووندوتیژی و هەڵاواردنیان لە لایەن تورکیا، سووریا، ئێران و عێراق کۆچیان کردووە و هێشتاش کۆچ دەکەن. هەروەها زۆر کەسیش بە هۆکاری سیاسی لەو وەڵاتانەوە هەڵاتوون. ژمارەی کوردانی ئەڵمانیا لە نێوان ١،٢ تا ١،٥ ملیۆن کەسدایە و کوردان بەشێکی گرنگی جڤاکی ئەڵمانیا پێکدێنن.
بارودۆخی کوردان ئێستا لە ئەڵمانیا چۆنە؟
زۆر جار لە ئەڵمانیا ناسنامەی کورد پشتگوێ دەخرێت. کورد وەک تورک، عەرەب و ئێرانی دەناسرێن و وەک کورد مامەڵەیان لەگەڵ ناکرێت. تاوانبارکردنی گەلی کورد و چەواشەکردنی ڕای گشتی بە ناوبردنیان وەک تیرۆریست، وێنەیەکی بەربڵاوە. لە ئەڵمانیا زانیاری و هۆشیاری لەو بارەیەوە کەمە و دان بە ناسنامە و فرەڕەنگیی کورداندا نانرێت. گەلی کورد نەک تەنها بەر کاریگەریی نەژادپەرستیی جڤاک و دامودەزگەکانی ئەڵمانیا دەکەوێت کە کەم تا زۆر کاریگەری لەسەر هەموو جڤاکە کۆچبەرەکان هەیە، لە هەمان کاتدا لەنێو کۆچبەرانیشدا نەژادپەرستییەکی تایبەت لە دژی کوردان بەدی دەکرێت. لەبەرئەوەیە کوردان زیاتر لە ٦٠ ساڵە داوای دانپێدانان و مافی یەکسانی بۆ کوردبوونی خۆیان، زمان و ناسنامەی خۆیان دەکەن. نەک تەنیا لە ژیانی ڕۆژانەدا، بەڵکوو لە بوارەکانی سیاسەت، پەروەردە، بەڕێوەبردن و دامودەزگەکانی ئەڵمانیادا.
لەم چەند هەفتە و مانگانەی دواییدا، دیسان مشتومڕێکی نەژادپەرستی لە ئەڵمانیا گەرم بوویەوە. ئەم مشتومڕە بەگشتی کۆچبەران دەکاتە قۆچی قوربانی و بە تایبەت کۆچبەران بە هۆکاری ناڕەزایەتییە سیاسییە ناوخۆییەکان تۆمەتبار دەکات؛ کێشەکانی نیشتەجێبوون، باشنەبوونی خوێندن، فشاری سەر شارەوانییەکان و هتد. سیاسەتمەداران و میدیاکان قەت ماندوو نابن لە پیشاندانی کۆچبەران وەک مەترسی و مامەڵەی یەکلایەنەی نەژادپەرستی. ئەمە لە جیاتی ئەوەی چارەسەریی سیاسی بۆ دابەشکاریی ناڕەوای سەرچاوەکان بدۆزنەوە بە شێوەیەک کە دادپەروەریی جڤاکی بەدی بێنێت.
بانگی ئێمە بۆ بەرپرسانی سیاسی
لە ڕۆژی کۆچبەراندا، ئێمە داوا دەکەین پاشەکشە بەم گوتارە پۆپۆلیستییە ڕاستڕەوە مەترسیدارە بکرێت. نەک تەنیا بۆ کوردان، ئێمە داوای مافە دیموکراتییەکان بۆ هەموو کۆچبەرانی ئەڵمانیا دەکەین. بانگی هەموو سیاسەتمەدار و میدیاکان دەکەین کە هیچی دی بەردەوام نەبن لەسەر پارچەکردنی جڤاکەکەمان و لەپێناو پێشخستنی هاوپشتیی جڤاکی کار بکەن. کۆچبەرانی ئێرە پەیوەستن بە ئەڵمانیاوە. ئەوان بەشێکی گرنگی ئەم جڤاکەن و لە بوارەکانی ئابووری، بەڕێوەبردن و کولتووردا ڕۆڵێکی زۆر ئەرێنییان هەیە. کۆچبەران وەڵامێکی گرنگن بۆ جڤاکێکی سڤیلی بەهێز، دیموکرات و فرەڕەنگ. جڤاکێک کە بتوانێت فرەڕەنگیی مرۆڤەکان، ناسنامە، کولتوور، زمان و ئاینەکانیان لەخۆ بگرێت، وێنەیەکی بەهێز و فرەڕەنگی خۆی پیشان دەدات. ئەمە دڵنیاییەکە بۆ پێشهاتە سیاسی و ئابوورییەکانی داهاتوو و دەتوانێت ڕوانگەیەکی جڤاکی، دادپەروەر و ئاشتیانە بۆ هەموو مرۆڤەکان بدۆزێتەوە.
یەکێتیی خێزانە کوردستانییەکان لە ئەڵمانیا – یەکماڵ
١٨ی دیسەمبەری ٢٠٢٣