وێنەگر: Moritz Winde
ڕۆژی شەممە ١٠ی شوبات لە شاری هێرفۆرد بە درووشمی “شان بە شان دژ بە فاشیزم” لە دژی تووندڕەویی ڕاستڕەو لە ئەڵمانیا خۆپیشاندانێک بەڕێوەچوو. لەو چوارچێوەیەدا بەڕێوەبەری لقی یەکماڵ لە هێرفۆرد زوبەیدە پۆڵات گوتەیەکی پێشکەش کرد.
ڕۆژنامە لۆکاڵەکانی ئەڵمانیا Westfalen-Blatt و Neue Westfälische لە هەواڵەکانی خۆیاندا سەرنجیان خستە سەر قسەکانی هاوکارمان زوبەیدە پۆڵات. هاوکارمان گوتی، “بەداخەوە ئێمە وەک کورد فاشیزم و هەڵاواردن باش دەناسین. بێگومان ئا ئێف دێ ئەلتەرناتیڤ نییە بۆ ئەڵمانیا. لەبەرئەوەی ئێمە هەموومان دەزانین کە ئەم ئایدیۆلۆژیایە بەر لە ٩١ ساڵ ئەڵمانیای بەرەو کوێ برد. ئەم وەڵاتەی وێران کرد و بەرەو کوشتن و کۆچبەرکردنی ملیۆن کەسی برد.”
زوبەیدە پۆڵات ٥٠ ساڵە لە ئەڵمانیا دەژی و ٤٦ ساڵیشە لە هێرفۆرد دەژی. لە خۆپیشاندانەکەدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، “ئێمە کار دەکەین، باج دەدەین و هەموو شتێک دەکەین بۆ ئەوەی دیموکراتی، فرەڕەنگی و ژیانێکی یەکسان و جڤاکی دابین بێت.” بەڕێوەبەری لقی کۆمەڵەکەمان لە هێرفۆرد گوتیشی، “ئێمەش وەک ئێوە بەشێکین لەم جڤاکە. لەبەرئەوەی ئێرە وەڵاتی ئێمەیە. ئێمە ناهێڵین کۆچبەران بگەڕێندرێنەوە، ناهێڵین بمانترسێنن.”