06 کانوونی یەکەم 2023 | بەرلین | بۆچوون

تووندوتیژیی زایەندی و نەژادپەرستی لە ناوەندی گەیشتنی پەنابەران لە تێگل؛ هێرش بۆ سەر پەنابەرانی کورد

بەشێک لەو پەنابەرانەی تازە هاتوونەتە تێگل کوردن و خەڵکی پارچە جیاجیاکانی کوردستانن. ئەوان لە ناوەندی گەیشتنی تێگل (Ankunftszentrum in Tegel) جێگیر کراون. ژمارەیان بە گشتی نزیکەی ٣٢٠ کەسە کە لە ژن، پیاو و منداڵ پێکهاتوون.

لەو ناوەندەدا کە سەرەتا بۆ پەنابەرانی ئۆکراینا کرابوویەوە، ٥٠٠٠ مرۆڤ نیشتەجێ کراون کە نزیکەی ٣٠٠٠ کەسیان خەڵکی ئۆکراینان. نزیکەی ٢٠٠٠ کەسیش خەڵکی وەڵاتانی سێیەمن و پەنابەرانی عەرەب بە نزیکەی ١٠٠٠ کەسەوە گەورەترین گرووپ پێکدەهێنن.

لە بەرەبەیانیی ٢٦ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣دا، گرووپێک لە عەرەبەکان کە زۆرینەیان پیاو بوون، دەستیان بە بێزارکردنی پەنابەرانی کورد کرد کاتێک لە خەودا بوون. زۆر خێزان بە پەنابەرانی کوردیشەوە داوای ئارامییان کرد، بەڵام لە جیاتی دەستهەڵگرتن لە بێزارکردن، گرووپێکی گەورەی عەرەبەکان کۆبوونەوە و بە دروشمی «کوردە کافرەکان» هێرشیان کردە سەر پەنابەرانی کورد. ژمارەی هێرشکاران زیادی کرد و ٥ پەنابەری کورد بریندار بوون. بەداخەوە هێزەئەمنییەکان (سکیوریتی) کە لەوێ بوون، خۆیان لە هێرشەکە تێوەگلاند و هێرشی کوردانیان کرد.

ڕۆژی دواتر ٢٧ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣، پەنابەرانی کوردیزمان داوای هاریکارییان لە ئێمە کرد. بە هاوکاریی نووسینگەی ئینتیگراسیۆن و کۆچبەریی سەر بە سێناتی بەرلین، ئێمە لەگەڵ گوتەبێژی فەرمانگەی دەوڵەت بۆ کاروباری پەنابەران لە بەرلین (LAF) بەڕێز لانگنباخ پەیوەندیمان گرت و بۆ ڕۆژی ٤ی دیسەمبەری ٢٠٢٣ کاتێکمان دیاری کرد.
شاندێکی یەکماڵ کە لە گونای داریجی (بەڕێوەبەر)، کۆرنێلیا ڕازولیس (جێگری بەڕێوەبەر)، مەریخ ئەرگون (بەڕێوەبەری بەشی بەرەنگاربوونەوەی هەڵاواردن لە یەکماڵ) و بەڕێز کۆرتاس بەرپرسی کاروباری هەڵاتن لە فەرمانگەی ئینتیگراسیۆن و کۆچبەریی سەر بە سێناتی بەرلین – IntMIG پێکهاتبوون، سەردانی ناوەندی گەیشتنی پەنابەران لە تێگل-یان کرد. دوای دیدارێکی کورت، بەڕێز لانگنباخ و بەڕێوەبەری DKR بەڕێز توملە شوێنەکان و وارگەی نیشتەجێبوونی پەنابەرانیان پیشانداین.
پەنابەرانی کورد کە لە ناوەندەکە دەمێننەوە پێیان گوتین، زۆر کەس ماوەی چوار مانگن لەوێ نیشتەجێ کراون. بەهۆی ئەوەی تا ئێستا ناویان تۆمار نەکراوە، هەتا ئێستا بڕە پارەیەکیان بۆ پێداویستییەکانیان پێ نەدراوە. ئەم دۆخە بە تایبەت بۆ خێزانی خاوەن منداڵ سەختە.

هەروەها ئەم کێشە و دژوارییانەی پەنابەرانمان پێ ڕاگەیەندرا:

١. هیچ ڕێوشوێنێک بۆ پاراستنی ژنان، دایکانی تەنیا، ژنانی جەوانی تەنیا و منداڵان لە تووندوتیژیی زایەندی و هێرشی کارمەندە ئەمنییەکان و کەمپنشینە پیاوەکانی دیکە نەگیراوەتە بەر.
٢. ڕێوشوێنی ئەمنیی کەم لە بەرانبەر تووندوتیژیی نەژادپەرستی و هەڵاواردن و کەموکوڕیی کارمەندانی هێزەئەمنییەکان و دانیشتوانەوە.
٣. ڕێکاری سکاڵا و بەڕێوەبەردنی سکاڵاکان کار ناکات.
٤. چاودێریی پزیشکی لە ئاستی پێویستدا نییە، بە تایبەت بۆ ژنانی دووگیان و منداڵان. هەروەها نەخۆشە دەروونییەکان کە پێویستییان بە دەرمان هەیە.
٥. ڕەتکردنەوەی چارەسەریی پزیشکی لە نەخۆشخانە لە دۆخی دژواردا و نەبوونی ڕێبازێک بۆ بانگکردنی ئامبولانس.
٦. خۆراک و خواردنی خراپ، بە تایبەت بۆ منداڵان.
٧. جلوبەرگی زستان بەشی پێویست نییە، بە تایبەت بۆ منداڵان.
٨. کەمبوونی دەرفەتی وەرزش و چالاکیی منداڵان بۆ گەشەکردنی تەندرووستییان.

قبووڵ ناکرێت مرۆڤ ناچار بکرێت لە ژینگەیەکدا بژی کە ڕەچاوی تایبەتمەندی، ئەمنیەت و پاراستنی نەکرێت. ئەرک و بەرپرسایەتی لە ئەستۆی دەوڵەتی ئەڵمان و سێناتی بەرلین دایە کە بەپەلە چارەسەرێک بدۆزنەوە. ئەوەی ئێمە داوای دەکەین سیاسەتێکە لەپێناو مرۆڤەکان، نەک لە دژی ئەوان.
دەبێ دۆخی تایبەتیی پەنابەرانی کورد کە بە تورکی و عەرەبی قسە دەکەن، لەبەرچاو بگیرێت. کێشەکانی کوردان کە لە وەڵاتانی جیاوازەوە هاتوون و نەژادپەستیی باوی دژەکورد لە لایەن خەڵکی ئەو وەڵاتانەوە، هەمیشە لە بەرانبەر مرۆڤی کورد ئامادەیە. بەڵام ئەم لایەنە نابیندرێت و پەیوەندیی ئەم بابەتە گرنگە پشتگوێ دەخرێت.
نادیدەگرتنی ناسنامەی کورد بە ناوی بێلایەنییەوە، بووەتە هۆکاری ئەوەی مرۆڤی کورد تووندوتیژی بەرانبەر بکرێت و ڕووبەڕووی هەڵاواردن ببێتەوە و بەهۆی ناسنامەی کوردبوونەوە نەتوانێت بەپێی پێویست لە ئەڵمانیا پارێزراو بێت.

یەکێتیی خێزانە کوردستانییەکان لە ئەڵمانیا – یەکماڵ
٦ی دیسەمبەری ٢٠٢٣

ئەم لاپەڕەیە بڵاو بکەوە

هەواڵنامەکەمان ئابوونە بکەن



سوودەکانت
دوا ناکەویت لە وەرگرتنی زانیاری
هەمیشە دەتوانی لێی بچیتە دەرەوە
زانیارییە کەسییەکانت پارێزراون


چاوتان لەسەرمان بێت لە

بابەتی پێوەندیدار