لە ساڵی ١٩١١ بەدواوە ٨ی ئادار وەک ڕۆژی نێونەتەوەیی تێکۆشانی ژنان پیرۆز دەکرێت. ئەم ڕۆژە بۆ ڕاکێشانی سەرنجەکانە بۆ سەر هۆشیاری لەبارەی مافەکانی ژنان و یەکسانیی زایەندی لە سەرانسەری جیهان. لەم ڕۆژەدا ئاهەنگ بۆ ئەو دەستکەوتانە دەگێڕدرێت کە بزاڤی مافی ژنان تا ئێستا بەدەستی هێناوە. لە هەمان کاتدا باس لەو نایەکسانییانە دەکرێت کە تا ئێستاش لەئارادان. چونکە هێشتاش لە سەرانسەری جیهان ژنان لە چەندین ماف بێبەش دەکرێن.
بە گشتی ژنان و کچان زیاتر بەرکەوتووی هەژاری، برسێتی و کەمی چاودێریی تەندروستین. دەرفەتەکانی پەروەردە و بەشداریی سیاسی بۆ ژنان کەمن. ژنان هێشتاش زۆر جار دەبنە قوربانیی شێوە جیاجیاکانی تووندوتیژی. هەروەها لەو وەڵاتانەی کە بە قانوون یەکسانی چەسپێندراوە، زۆر جار ژنان لە بەستێنی کاردا زیانمەند دەبن. جیاوازیی مووچە لەسەر بنەمای زایەندی هەتا ئێستا لە جیهان - بە ئەڵمانیاشەوە بەردەوامە. هەروەها لە ئەڵمانیا هێشتا نوێنەرایەتیی یەکسان لە پەڕلەماندا نییە.
وەرچەرخانی جڤاکی بەرەو ڕاستڕەوی، بووەتە هەڕەشە لەسەر فەزای جڤاکی سڤیلی فێمینیست و دەستکەوتەکانی فێمینیزم. ڕاستڕەوە ڕێکخراوەکان بەشێوەیەکی سیستەماتیک نەژادپەرستی لەگەڵ دژە-فێمینیزم گرێ دەدەن و وەک پێکهاتەیەکی بنەڕەتیی بیروڕای خۆیانی دەبینن و لە دژی مافی یەکسانی، بەشداری و دانپێدانان بە فرەڕەنگی لە ئەڵمانیا دەوەستنەوە.
ئێمە لەم ڕۆژەدا و بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لەو ژنانە دەکەین کە ڕۆژانە لەپێناو مافەکانیان و سەربەخۆیی ژن و کچان - لە بواری سیاسەت، پەروەردە، زانست. میدیا و جڤاکی سڤیل ماندوونەناسانە تێدەکۆشن.
ئێمەش بە کارەکانی خۆمان لەپێناو دادپەروەریی ئینتەرسێکشناڵ تێدەکۆشین و لە دژی هەموو شێوەکانی هەڵاواردن دەوەستینەوە. ئێمە فەزای پارێزراو و بوێرانە دروست دەکەین تا بتوانین پێکەوە بەهێز ببین، گەورە ببین و بەرەوپێش بچین.
وەرن پێکەوە ئەم ڕۆژە پیرۆز ڕابگرین و لەپێناو یەکسانی و مافی ژنان درێژە بە تێکۆشان بدەین!
ژن ژیان ئازادی
یەکێتیی خێزانە کوردستانییەکان لە ئەڵمانیا - یەکماڵ
٧ی ئاداری ٢٠٢٥