14 ئایار 2025 | بەرلین | بۆچوون

با زمانی کوردی لە فێرگەکاندا گەشە بکات!

با زمانی کوردی لە فێرگەکاندا گەشە بکات!

© dank, du, sprache, colourbox.de

ساڵانە لە ١٥ی ئایاردا ملیۆنان کورد لە کوردستان و دیاسپۆرا ڕۆژی زمانی کوردی پیرۆز دەکەن. ئێمە وەک ڕێکخراوێکی پابەند بە بەرەوپێشبردنی فرەزمانی و پشتگیریکردنی خوێندن و پەروەردە بە زمانی دایک، بەشانازییەوە بەشداری لەم ڕۆژەدا دەکەین بۆ ئەوەی جوانی، دەوڵەمەندی و توانای زیندوێتیی زمانی کوردی بخەینەڕوو.

ئەم ڕۆژه تەنها بۆنەیەک نییه بۆ ئاهەنگگێڕان بۆ میراتی زمانیمان، بەڵکوو بانگەوازێکی بەپەلەیه بۆ چارەسەرکردنی ئەو فشار و بەربەستانەی کە لە کوردستان و وەڵاتانی دیاسپۆرا ڕووبەڕووی زمانی کوردی دەبنەوە بە تایبەت لە دامەزراوە پەروەردەییەکاندا.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەم پاشخانە، ئەم ساڵ ڕۆژی زمانی کوردی وەک دەرفەتێک بەکاردەهێنین بۆ بەهێزکردنی فێرکاریی زمانی کوردی لە فێرگەکانی ئەڵمانیادا - به تایبەتیش لە بەرلین. هەرچەندە زیاتر لە ٣٠ ساڵن فێرکاریی زمانی کوردی بەفەرمی لە فێرگەکانی ئەڵمانیا دەستی پێکردووە، بەڵام کۆرسەکانی زمانی کوردی لە ڕووی پێکهاتەییەوە پەراوێزخراون و تا ڕادەیەک لەنێو خێزانە کوردەکاندا نادیار ماونەتەوە. لە بەرلین کە فێرکاری فەرمیی زمانی کوردی لە ساڵی ٢٠١٩ەوە بە پشتگیریی بەردەوامی ڕێکخراوە جڤاکییە کوردییەکان بە پێشەنگایەتیی ڕێکخراوی یەکماڵ دەستی پێکردووە ، ئێستا مەترسییەکی گەورە لەسەر داهاتووی ئەم وانانە دروست بووە بە بیانووی ئەوەی ژمارەی فێرخوازان کەمە.

بەڵام ئێمە دەزانین کە کەمیی ژمارەی فێرخوازان نیشانەی ئەوە نییە کە دایکان و باوکانی کورد یان فێرخوازانی کورد بایەخی پێ نادەن، بەڵکوو ئەوە دەرئەنجامی شکستێکی سیستماتیکی بەرپرسانی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتیی فێرگەکانە کە خێزانەکانیان بەشێوەیەکی گونجاو سەبارەت بە دەرفەتە پەروەردەییە فرەزمانییەکانی ئێستا ئاگادار نەکردووەتەوە. خێزانە کوردەکان بە تایبەتی بێبەشن، چونکە بە بەراورد لەگەڵ زمانەکانی وەک تورکی، عەرەبی، یان ڕووسی، زمانی کوردی ماوەیەکی تاڕادەیەک کورتە لە فێرگەکاندا پێشکەش دەکرێت. جگە لەوەش بەربەستی لۆجستی ڕێگری لە زۆرێک لە دایک و باوکان دەکات کە ناوی منداڵەکانیان تۆمار بکەن، چونکە زۆرجار وانەی کوردی لەو فێرگەیەی دەستنیشان کراوە پێشکەش ناکرێت یان لە فێرگەیەکی نزیکدا بەردەست نییە.

جگە لەم بەربەستە لۆجستییانە، وانەی کوردیی فێرگەکان لە بەرانبەر کێشە پێکهاتەییەکانی دیکەی پەیوەست بە پێگەی فەرمی و بارودۆخی وانەوتنەوە و پاڵپشتی دامەزراوەیی سنووردار بۆ مامۆستایان، تێدەکۆشێت.

بۆیە لە ڕۆژی زمانی کوردیدا، داوا لە دایکان و باوکانی کورد دەکەین کە داوای وانەی زمانی کوردی بکەن لە فێرگەی منداڵەکانیان و هەر شوێنێک بێت چالاکانە منداڵەکانیان ناونووس بکەن. هەروەها بانگەواز لە ڕێکخراوە جڤاکییە کوردییەکان، کۆمەڵەکان، دەستپێشخەرییەکانی دایکان و باوکان، ڕۆشنبیران، هونەرمەندان، و نوێنەری جڤاتە کوردییەکان دەکەین کە ئەولەویەتێکی گەورە بە بەرەوپێشبردنی پەروەردەی زمانی کوردی بدەن، چالاکانە زانیاریی پێوەندیدار لە تۆڕەکانیاندا بڵاوبکەنەوە، هەروەها بە هاوبەشی فشار بخەنە سەر فێرگە و بەرپرسانی پەروەردەیی. لە کۆتاییدا پەیامێکی ڕاستەوخۆ ئاڕاستەی لایەنە پێوەندیدارەکانی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتیی فێرگەکان دەکەین و بەرپرسیارێتییان بیردەخەینەوە لە باشترکردنی پێگە و دەستڕاگەیشتن و بارودۆخی پەروەردەی زمانی کوردی بە شێوەیەکی چالاکانە.

ئێمە پێمان وایە تەنیا لە ڕێگەی پابەندبوون و هاودەنگی و پشتیوانیی هاوبەشەوە دەتوانین زمانی کوردی لە فێرگەکاندا بەسەرکەوتوویی بەرەوپێش ببەین. ئێمە وەک ڕێکخراوی یەکماڵ و ئەکادیمیای یەکماڵ بەجددی پشتگیری ئەم ئامانجە هاوبەشە دەکەین و پێکەوە دەتوانین سەرکەوتنی گەورەتر بەدەست بهێنین.

لەم سۆنگەیەوە، ڕۆژی زمانی کوردیتان پیرۆز بێت!

 

یەکێتیی خێزانەکوردستانییەکان لە ئەڵمانیا (یەکماڵ)
ئەکادیمیای یەکماڵ

١٤ی ئایاری ٢٠٢٥

 

ئەم لاپەڕەیە بڵاو بکەوە

هەواڵنامەکەمان ئابوونە بکەن



سوودەکانت
دوا ناکەویت لە وەرگرتنی زانیاری
هەمیشە دەتوانی لێی بچیتە دەرەوە
زانیارییە کەسییەکانت پارێزراون


چاوتان لەسەرمان بێت لە

بابەتی پێوەندیدار