29 ئەیلوول 2025 | بەرلین

ڕۆژی پسپۆڕیی بەرلین بەڕێوەچوو

ڕۆژی پسپۆڕیی بەرلین بەڕێوەچوو

وێنەکان لە لایەن: شاسوار مامە \ یەکماڵ

ڕۆژی پسپۆڕیی بەرلین کە ساڵانە لە لایەن تۆڕی بێفانەوە ساز دەکرێت، ئەم ساڵیش ڕۆژی ٢٦ی ئەیلوول بە سەرناوی "فرەڕەنگیی زمانەکان، فرەڕەنگیی مرۆڤ - کتێبخانە وەک شوێنێکی گشتیی فێربوون" بەڕێوەچوو. چەند ساڵێک بوو ڕۆژی پسپۆڕی بەشێوەیەکی سەرهێڵ بەڕێوەدەچوو، بەڵام ئەم ساڵ دیسان بەشێوەی ڕووبەڕوو ساز کرا و بەگشتی ٩٨ کەس ئامادە بوون. چەندین کەسیش لە ڕێی پەخشی ڕاستەوخۆ بەشدارییان کرد. ئەمەش گرنگیی تۆڕبەندی بۆ لایەنە پێوەندیدارەکان دەردەخات.

بەرنامەکە بە گوتەی بەخێرهێنان لە لایەن بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوەکەمان گونای داریجی دەستی پێکرد. دواتر کاتارینا نیڤیتسیال بەرپرسی کاروباری بەشداری، ئینتەگراسیۆن و کۆچبەری لە سێناتی بەرلین گوتەیەکی پێشکەش کرد.

لە چوارچێوەی ڕۆژی پسپۆڕیدا نۆ وۆرکشۆپ، هەڤپەیڤینێک لەگەڵ پڕۆفیسۆر د. مایشا ماورێن م. ئاوما لەبارەی "جیاکاریی هاوسۆزی لە وێژەی منداڵان و جەواناندا – چۆن کتێبخانە گشتییەکان دەتوانن کار بۆ یەکسانیی ناساندن بکەن"، هەروەها پانێڵێک بە بەشداریی نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆچبەران و کتێبخانەی گشتیی ناوچەی پانکۆ ساز کران. پێشکەشکاری ڕۆژی پسپۆڕی، دانیلۆ فێتەر بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتیی پانکۆ بوو.

لە کۆتاییدا "دایەلۆگی دۆنەر" بە بەشداریی نووسەر ئێبەرهارد زایدێل و ڕێکخەری تۆڕی بێفان ڕەمزیە ئوویکون لەبارەی "دۆنەر و فرەزمانی" بەڕێوەچوو. لە کاتی گفتوگۆدا بەشداران پێکەوە دۆنەریان خوارد، ئەمەش شێوەیەکی تازە بوو کە کەشێکی تایبەتی دروستکرد.

ڕۆژی پسپۆڕی بەبێ پشتگیرە داراییەکان و هاوبەشەکانی تۆڕی بێفان سەرکەوتوو نەدەبوو. ئێمە سپاسی تایبەتی کتێبخانەی گشتیی پانکۆ دەکەین بۆ پشتگیریی دارایی، هاوکاریی بەردەوام و پێشکەشکاری. هەروەها سپاسی فۆلکسهۆخشوولە پانکۆ دەکەین بۆ دابینکردنی شوێن. سپاس بۆ بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری بەشداری، ئینتەگراسیۆن و کۆچبەری لە سێناتی بەرلین بۆ پشتگیرییە بەردەوامەکەیان.

ئێمە دەمانەوێت سپاسی ڕێکخراوە ئەندامەکان و هاوکارانی تۆڕی بێفان بکەین بۆ بەشدارییان لەم ئیڤێنتەدا. سپاس بۆ پڕۆفیسۆر د. مایشا ماورێن م. ئاوما بۆ هەڤپەیڤینەکەی، میوانەکانی پانێڵ ڕاشێل نامگالی لە ڕێکخراوی Sources d’Espoir، پێترۆنێلا بۆردێیانوو لە ڕێکخراوی Koopkultur، شەیما ئەرفاوی لە رێکخراوی RAA، ئانتیە هاوسنەر، هەروەها پاتریسی فرێهسە لە کتێبخانەی گشتیی پانکۆ. 

هاوکاریی تیمی کتێبخانەی گشتیی پانکۆ، هاوکاریی لۆجستیی تیمی یەکماڵ و بەشداریی دەستەی بەڕێوەبردنی تۆڕی بێفان بۆ ڕێکخستن و دەستنیشانکردنی ناوەڕۆک زۆر گرنگ بوو لە سەرکەوتنی ڕۆژی پسپۆڕیدا.

بەشداریی بەرفرەوان بەشێوەیەکی فیزیکی و سەرهێڵ، ئەم چالاکییەی کردە ڕووداوێکی تایبەت. ڕۆژی پسپۆڕی گرنگیی دانوستان و هاوکاری لەنێوان لایەنە پێوەندیدارەکان بۆ بەهێزکردنی زیاتری کتێبخانە گشتییەکان دەستنیشان کرد.


ئەم لاپەڕەیە بڵاو بکەوە

هەواڵنامەکەمان ئابوونە بکەن



سوودەکانت
دوا ناکەویت لە وەرگرتنی زانیاری
هەمیشە دەتوانی لێی بچیتە دەرەوە
زانیارییە کەسییەکانت پارێزراون


چاوتان لەسەرمان بێت لە

بابەتی پێوەندیدار