ساڵی ٢٠٠١ نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی ٢٠ی حوزەیرانی وەک ڕۆژی جیهانیی پەنابەران دیاریکرد بە مەبەستی هۆشیارکردنەوەی جیهان لە بەرانبەر ئازار و دۆخی سەختی پەنابەران. ئەم ڕۆژە هاوکات وەک بیرخستنەوەیەکە کە پەنابەران مافی پاراستن، پەنابەری و ژیانێکی پڕ لە کەرامەتیان هەیە. هەر لەگەڵ نزیکبوونەوەی ڕۆژی جیهانیی پەنابەراندا، لە ١١ی حوزەیراندا ڕێکخراوی هاریکاریی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی بە ناوی "Global Trends Report" سەبارەت بە جوڵەی پەنابەران لە ساڵی ٢٠٢٥ بڵاوکردەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکە ١١٧ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار کەس ئاوارە بوون کە ٣٩%یان منداڵ بوون.
٦٨٪ی پەنابەران لەو وەڵاتانەدا دەژین کە بارودۆخی ئابوورییان خراپە یان مامناوەندە. لە هەمان کاتدا بودجەی ڕێکخراوی هاریکاریی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی پەنابەران بە ڕێژەی ٤٠٪ کەم کراوەتەوە بۆ نزیکەی ٣ ملیار یۆرۆ. هەروەها حکومەتی ئەڵمانیا هاوکارییە مرۆییەکانی لە ٢ ملیار و ٢٣٠ ملیۆن یۆرۆ لە ساڵی ٢٠٢٤، بۆ نزیکەی یەک ملیار یۆرۆ بۆ ساڵی ٢٠٢٥ و ٢٠٢٦ کەم کردووەتەوە.
جگە لەوەش، تەنها چەند ڕۆژێک پێش ڕۆژی جیهانیی پەنابەران لە ١٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ سیستەمی هاوبەشی پەنابەریی ئەورووپا کە هەموار کراوەتەوە، کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئامانج لەو هەموارکردنەوەیە سنووردارکردنی ژمارەی پەنابەران لە وەڵاتانی ئەورووپا و ئاسانکاری بۆ گەڕانەوە و دیپۆرتکردنەوەیانە. پەنابەرانی کوردیش دەکەونە ژێر کاریگەریی ئەم ڕێکارە نوێیانە.
ئەم ساڵ لە ڕۆژی جیهانی پەنابەراندا دەبینین کە هاوپشتیی نێودەوڵەتی لەگەڵ پەنابەران لە نزمترین ئاستدایە. ئەمە ڕەوتێکە کە ساڵانێکە پەرەی سەندووە. هاوکاتە لەگەڵ لاوازبوونی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەرژەوەندی دەوڵەتە نەتەوەییە سەرەکییەکان، هەروەها گۆڕانی دۆگماکان سەبارەت بە مافی مرۆڤ و کەرامەتی مرۆڤ کە دەتوانین لە ژیانی ڕۆژانەمان و کارلێکە جڤاکییەکاندا زیاتر بیبینین. ئەوەی ئێمە لە ئاستێکی بچووکدا ئەزموونی دەکەین، ڕەهەندی گەورەی هەیە لەسەر ئاستێکی گەورە و کاریگەری لەسەر زۆرترین کەس بە تایبەت منداڵ، ژن و ئەو کەسانەی کە بەرکەوتووی تووندوتیژی و ئاوارەیین. ئەوان ئیدی لە جیهاندا دەنگ و لۆبییان نییە.
بەڵام بۆ ئێمە دیموکراسی بەو مانایەیە کە مافی مرۆڤ نابێت ڕێژەیی بکرێت و پاراستن لە ستەم وەک بنەمایەکی نێودەوڵەتیی پابەندکەر دەمێنێتەوە. بڕیاری سیاسیش بەو بەهایە دەپێورێت کە لەسەر ئەو کەسانەی پێویستییان بە پشتگیرییە دادەنرێت.
یەکێتیی خێزانە کوردستانییەکان لە ئەڵمانیا (یەکماڵ)
١٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٦