وێنەگر: Isabel Mittler
لە چوارچێوەی ڕۆژی جیهانیی ژناندا، بە بەشداریی چەندین ڕێکخراو و کەسایەتیی ناوچەکە و سەرۆکی شارەوانیی باد کرۆیتسناخ بەڕێز ئێمانوێل لێتس بەرنامەیەک بەڕێوەچوو. گرووپی هەڵپەڕکێی یەکماڵ نمایشێکی سەرنجڕاکێشی پێشکەش کرد و سەرنجی ئامادەبوانی ڕاکێشا.
هەر لەم بەرنامەیەدا، جگە لە چالاکییە هونەرییە سەرەکییەکان بۆ منداڵان و جەوانان، بوفەی نێونەتەوەیی، پێشانگە دەربارەی ژنکوژی و مافەکانی ژنان لە جیهان، هەروەها کۆڕۆی منداڵانی ئۆکراینی، فێرگە لۆکاڵییەکانی موزیک لە باد کرۆیتسناخ-یش کارە هونەرییەکانی خۆیان پێشکەش کردن.
پڕۆژەی هەڵپەڕکێی یەکماڵ کە لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردووەوە بە بەشداریی ١٥ منداڵ و جەوان دەستی پێکردووە، لە لە ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانیی ژناندا لە باد کرۆیتسناخ لەسەر شانۆ پێرفۆڕمانسی خۆی پێشکەش کرد.
گرووپەکە لە کچان و کوڕان پێکدێت، بەڵام مامۆستایانی گرووپەکە لەگەڵ منداڵەکان بڕیاریان دا کە ڕۆژی ٨ی ئادار تەنیا کچان نمایشەکەیان پێشکەش بکەن. لە کاتی پێشکەشکردنی نمایشەکەدا، تامەزرۆی و خۆشحاڵی بە ڕوخساری ئامادەبوانەوە دەبینرا.
زۆر سپاس بۆ هاوکارمان لەیلا کارا و تیمە لێهاتووەکەی کە ئەوەندە بەباشی نوێنەرایەتیی کۆمەڵەکەمانیان کرد.
ئێمە وەک یەکماڵ خۆشحاڵین کە بتوانین بەشێکی گرنگی شاری باد کرۆیتسناخ بین. بە هیوای زۆر دەرفەتی دیکەین بۆ پێکەوە کارکردنێکی باش.