ڕۆژی ٦ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤ زارۆخانەی پییا-ڤێدینگ دەیەمین ساڵیادی دامەزراندنی خۆی پیرۆز کرد. ئێمە وەک دامەزرێنەری یەکەمین زارۆخانەی جووتەزمانی کوردی-ئەڵمانی شانازی بە زارۆخانەکەمانەوە دەکەین و ویستمان ئەم بۆنەیە لەگەڵ منداڵان، دایکان و باوکان و میوانەکانمان پیرۆز بکەین. بۆ ئەو مەبەستەش شوێنێکی تایبەتمان هەڵبژارد؛ مۆزەخانەی منداڵانی لابیرینت لە بەرلین.
لە سەرەتای ئیڤێنتەکەدا هاوبەڕێوەبەرانی زارۆخانەی پییا لە ڤێدینگ گوڵستان سۆنمەز و عەلی چاڤووش لە گوتەیەکدا بەخێرهاتنی میوانەکانیان کرد. دواتر نوێنەرانی دایکان و باوکان گوتەیان پێشکەش کرد و باسی گرنگی زارۆخانەی پییا-یان کرد و ئەزموونی خۆیان خستەڕوو. هەروەها چەپکەگوڵی سپاسگوزارییان پێشکەشی بەڕێوەبەرایەتی و کارمەندانی زارۆخانەکەمان کرد.
سەرنجڕاکێشترین بەشی بەرنامەکە، پێرفۆڕمانسی منداڵان بوو. منداڵانی پییا گۆرانیی کوردی و ئەڵمانییان ئامادە کردبوو و بە دیلان و جووڵەوە پێشکەشیان کردین. منداڵان لەگەڵ پەروەردەکاران بە جۆشوخرۆشی خۆیان دڵی ئامادەبوانیان خۆش کرد.
دواتر بەڕێوەبەری گشتیی یەکماڵ گونای داریجی بانگهێشتی سەر شانۆ کرا. هەر یەک لە منداڵەکان گوڵێکیان پێشکەشی بەڕێوەبەرەکەمان کرد، وەک سپاسێک لە بەرانبەر دامەزراندنی زارۆخانەی پییا. هەروەها تابلۆیەکیان پێشکەش کرد کە جێدەستی خۆیان لەسەر دانابوو. ئەم سوپرایزانە بۆ بەڕێوەبەری یەکماڵ بوونە مایەی هەستیاری و بە سپاسکردنی منداڵەکان و سڵاوی بەخێرهاتن دەستی بە گوتەکەی کرد. گونای داریجی لە قسەکانیدا سەرنجی سەر خستە سەر مێژووی زارۆخانەی پییا لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە تا ئەمڕۆ. باسی ئەو کەسە دڵسۆزانەی کرد کە چۆن لە سەرەتاوە لە دامەزراندنی زارۆخانە بەشدار بوون و هەمیشە پابەندی ئامانج و بەهاکانی زارۆخانەکە بوون. بە تایبەتیش سپاسی هاودامەزرێنەرانی زارۆخانەکەی کرد و دەستەگوڵی پێشکەش کردن.
دواتر ڕاوێژکاریی چاودێریی منداڵان لە ڕێکخراوی "Deutschen Paritätischen Wohlfahrtsverband" زابینە کۆزلە گوتەیەکی پێشکەش کرد و وەک دیاری کتێبێکی منداڵانی پێشکەشی بەڕێوەبەرایەتیی زارۆخانە کرد. ئێمە زۆر سپاسی دەکەین.
لەم ڕۆژە تایبەتەدا چەندین دیاری پێشکەش کران. کۆمەڵەکەمان بۆ هەر منداڵێک توورەکەیەکی ئامادە کردبوو کە کتێبی کوردی و لالەنگی تێدا بوون. لە دوای پێشکەشکردنی گوتەکان، بووفە کرایەوە کە بە چەندین خواردن، خواردنەوە و شەربەتی بەتام ڕازێندرابوویەوە.
ئێمە بە ناوی زارۆخانەی پییا لە ڤێدینگ سپاسی زارۆخانەی پییا لە کرۆیتسبێرگ، ناوەندی خێزانیی ڕەنگین و تۆڕی بێفان دەکەین بۆ ئەو گوڵ و دیارییانەی پێشکەشی کارمەندان و هەروەها ئەو پێلیستۆکانەی پێشکەشی منداڵەکانیان کردن. سپاسێکی گەورە بۆ هەموو ئەوانەی ئەم ڕۆژەیان تایبەتتر کرد.