ڕۆژی شەممەی ڕابردوو (١٨ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣) لە چوارچێوەی پڕۆژەی “STAP vorwärts“دا دووەمین تاشتێی ڕاهێزان لە ناوەندی خێزانیی ڕەنگین لە بەرلین بەڕێوەچوو. ئەم بەرنامە مانگانەیە بە تایبەتی بۆ ئەو دایک و باوکانەیە کە پاشخانی کۆچبەرییان هەیە. مەبەست ئەوەیە ڕۆڵ و بەشدارییان لە باخچەی ساوایان و فێرگەکان بەهێزتر ببێت. لە هەمان کاتدا، منداڵان دەتوانن بەشداری چەند چالاکییەکی ئافرێنەرانە بن کە پێشخستنی زمانی کوردیشی تێدایە.
لەم تاشتێیەدا دەروونناس و بەڕێوەبەری ململانێکان تامارا ئوتوکارت سەردانی ئێمەی کرد و لەسەر بابەتی “پەیوەندی؛ تێگەیشتن لە خۆت و کەسانی دی، پێکەوە قسە بکەن – بەبێ هەڵەتێگەیشتن. لە دۆخی گفتوگۆی سەختیشدا، لە پەیوەندیدا بمێننەوە.” قسەی کرد. بەشێک لە دایکان و باوکان سەرنجیان خستە سەر گرنگیی متمانەبەخۆبوون لە پەیوەندیدا، هەستنەکردن بە نائارامی، ئامادەبوون بۆ بارودۆخی گفتوگۆ و بیرکردنەوە لە ستراتیژییەکانی. هەروەها ڕا و بۆچوون ئاڵوگۆڕ کرا لەسەر شێوازە جیاوازەکانی پەیوەندی و دەرفەت و مەترسییەکانیان.
هەر لە چوارچێوەی بەرنامەکەدا وۆرکشۆپێکی هەڵپەڕکێی منداڵان هاوئاهەنگ لەگەڵ کورمانجی کرایەوە. دواتریش منداڵان ڕوویان لە وێنەکێشان و نەخش و نیگار کرد. لەگەڵ ئەوەشدا پێکەوە بە کوردی قسەیان کرد. بیرۆکە ئەوە بوو کە نەک تەنیا دایکان و باوکان، بەڵکوو منداڵەکانیشیان بەشداری ڕاهێزانی خۆیان بن و تواناکانی خۆیان بدۆزنەوە.
وەزارەتی کار، کاروباری جڤاکی، یەکسانیی زایەندی، ئینتیگراسیۆن، فرەڕەنگی و دژەهەڵاواردن لە سێناتی بەرلین لە چوارچێوەی بەرنامەی بەشداریپێکردن و ئینتیگراسیۆندا پشتگیریی دارایی پڕۆژەی “STAP vorwärts” دەکات.