ڕۆژی ٣ی شوباتی ٢٠٢٤ ئێمە وەک یەکێتیی خێزانە کوردستانییەکان لە ئەڵمانیا – یەکماڵ، دەست لەنێو دەست لەگەڵ چەند سەد هەزار کەس لە بەردەم پەڕلەمانی ئەڵمانیا لە بەرلین دژی AfD و توندڕەویی ڕاستڕەو خۆپیشاندانمان کرد.
تووندڕەویی ڕاستڕەو مەترسییەکی گەورەیە لەسەر یەکێتیی جڤاکی ئەڵمانیا بە تایبەت جڤاکی کۆچبەر و پەنابەران. دەبێ ڕوون بێت لای هەموان کە پەسەندکردنی هەڵوێستی “ئا ئێف دێ” و تووندڕەوە ڕاستڕەوەکانی دیکە دەبێتە هۆی ناڕازیبوونی جڤاکی و دابەشبوونی جڤاکەکەمان.
ئێمە وەک سازمانێکی جڤاکی، پابەندین بە ئەڵمانیایەکی دیموکراتیی یەکسان و گشتگیر. جەخت لەسەر گرنگی فرەڕەنگی، لێبووردەیی و ڕێزگرتن دەکەینەوە. بە هۆی نیگەرانییەکان دەربارەی تووندڕەویی ڕاستڕەو و پێشهاتە سیاسییەکان، بە تایبەت لە بابەتی “ئا ئێف دێ”-دا، ئێمە داوای گفتوگۆ و پابەندبوونی هاوبەش بە بەها دیموکراتییەکان دەکەین. یەکگرتن و هاوکاری لە دڵی هەوڵەکانماندایە بۆ پێشخستنی جڤاکێکی گشتگیر و هارمۆنی.