بەر لە ١٠ ساڵ، ڕێکخراوی یەکماڵ هەنگاوێکی گرنگی نا. بە دامەزراندنی یەکەمین زارۆخانەی کوردی-ئەڵمانی لە ئەورووپا، پڕۆژەیەکی پێشەنگ بۆ پێشخستنی فرەزمانی و فرەڕەنگیی فەرهەنگی لە پەروەردەی ناسکەساڵیی منداڵان دەستی پێکرد. زارۆخانەی پییا کە ساڵی ٢٠١٤ دامەزرا، لەسەر ئاستی جیهان یەکەمین زارۆخانەی کوردی-ئەڵمانییە و لە بواری پەروەردەی نێوفەرهەنگیدا پێشەنگە. بەهۆی پێشوازیی گەرم و خواستی زۆر، ئەم پڕۆژەیە فرەوان بوو. ئێستا یەکماڵ دوو زارۆخانەی لە بەرلین هەیە.
شوێنێک بۆ ناسنامەی فەرهەنگی و بەشداریی جڤاکی
زارۆخانەکانی کوردی-ئەڵمانی کە لە لایەن ڕێکخراوەکەمان یەکێتیی خێزانە کوردستانییەکان لە ئەڵمانیا (یەکماڵ)-ەوە بەڕێوە دەبرێن، ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە پێشخستنی فرەڕەنگی و ئاڵوگۆڕی نێوفەرهەنگیدا. لە ژینگەیەکی گشتگیردا، دەرفەت بۆ منداڵانی خاوەن پاشخانی جیاوازی فەرهەنگی دەڕەخسێنن تا پێکەوە فێر ببن و گەورە ببن. بە تایبەتی بۆ ئەو منداڵانەی کە بە کوردی قسە دەکەن، زارۆخانەکەمان شوێنێکە کە دەتوانن ناسنامەی فەرهەنگیی خۆیان بپارێزن و لە هەمان کاتدا لەنێو جڤاکی ئەڵماندا گەورە ببن. لە ڕێی فێرکاریی زمان و فەرهەنگی ئەڵمانی و کوردی، زارۆخانەکانی پییا چوارچێوەیەک بونیاد دەنێن کە پشتگیری لە پێشخستنی ناسنامەی منداڵان دەکات و هەستی خۆبوون و سەربەخۆیی لەنێویاندا دەئافرێنێت.
فرەزمانی گەنجینەیەکە کە ئێمە دەیگوازینەوە بۆ منداڵەکانمان. قەدرزانینی زمانی زکماکی، بڕوابەخۆبوونی منداڵان بەهێز دەکات و مامەڵەیەکی ڕێزدارانە لە جڤاکە فرەڕەنگەکەمان بەرەوپێش دەبات.
ئاڵوگۆڕی نێوفەرهەنگی و بەهێزکردنی یەکگرتنی جڤاکی
کۆنسێپتی پێداگۆژیی زارۆخانەی پییا لەسەر پڕۆسەیەکی فێرکاریی کراوە داڕێژراوە کە خواست و پێویستیی منداڵ تیایدا خاڵێکی گرنگە. ئەم کارە لەگەڵ منداڵان و بەپێی پێویستییەکانی ئەوان بەڕێوە دەبرێت، تا هەر منداڵێک بەشێوەیەکی کەسی گەشە بکات. ئەم مامەڵەیە نەک هەر پڕۆسەی فێرکاری بەرەوپێش دەبات، لە هەمان کاتدا خۆباوەڕیی منداڵانیش بەهێز دەکات. ئاڵوگۆڕی نێوفەرهەنگی کە زارۆخانەی پییا پێشکەشی دەکات، پشتگیریی لەیەکترتێگەیشتن و ڕێزگرتنی فرەڕەنگیی فەرهەنگی دەکات. بەم شێوەیە بەشداری لە یەکگرتنی جڤاکیدا دەکات.
چیرۆکی پابەندبوون و هاریکاری
دامەزراندنی زارۆخانەی پییا، ڕێگەیەکی پڕ لە ئاڵنگاری بوو کە پێویستی بە پابەندبوون و پشوودرێژی هەبوو. رێکخراوی یەکماڵ هەر لە دامەزراندنییەوە، بۆ پێشخستنی زمان و فەرهەنگی کوردی زۆر کاری کردووە. لەو ماوەیەدا، ڕێکخراوەکەمان بۆ بەدیهێنانی ڤیزیۆنی زارۆخانەی جووتەزمان ئیمزای کۆکردەوە و لەگەڵ دایکان و باوکان و پشتیوانەکانی گفتوگۆی زۆری کرد. ئەم سەرکەوتنە ئەنجامی ڕەنجی زۆر کەسە کە هاریکاریی زارۆخانەیان کردووە.
سپاس بۆ هاوکار و پشتیوانەکانمان
سپاسێکی تایبەت بۆ کارمەندانی زارۆخانەکانمان کە ڕۆژانە دڵسۆزی و شارەزایی خۆیان لەم خەباتە پەروەردەییەدا دەخەنە گەڕ و بەم شێوەیە بەشدارییەکی گرنگ دەکەن. سەختە بتوانین بژمێرین کە چەند جار تیمەکەمان کۆبووەتەوە و چەند کاتژمێر خۆبەخشانە کاری کردووە تا زارۆخانە بگاتە ئەم ئاستە. هەروەها لە ماوەی ئەم ١٠ ساڵەدا زۆر کەس کە لێرەدا ناویان نەهاتووە، پشتیوانییان کردووین، ئێمە زۆر سپاسیان دەکەین.