پێشوازیی نەورۆز لە بەرلین وەها بوو!

پێشوازیی نەورۆز لە بەرلین وەها بوو!

 

ئەم ساڵ ڕێکخراوی یەکماڵ جەژنی نەورۆزی وەک دەرفەتێک بینی بۆ چالاکییەک لە دژی نەژادپەرستی. ڕۆژی ٢١ی ئادار بە هاوکاری لەگەڵ ئەنجومەنی کۆچبەری لە بەرلین و سەنتەری ئەڵمانی بۆ تۆژینەوەی ئینتیگراسیۆن و کۆچبەری (DeZIM) بەرنامەی پێشوازیی نەورۆزمان ساز کرد. بەم شێوەیە دەرفەت بۆ ئاڵوگۆڕ، گفتوگۆ و دیداری فەرهەنگی ڕەخسا.

بەرنامەی پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز و پانێلەکانی پێشوازییەکی گەرمیان لێ کرا. تیایدا چەندین میوان ئامادە بوون و چالاکییەکی سەرکەوتوو بوو. گوتەی بەخێرهاتن لە لایەن بەڕێوەبەری گشتیی یەکماڵ گونای داریجی و هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کۆچبەری لە بەرلین کۆرای یڵماز-گونەی پێشکەش کرا.

لە بەشی یەکەمدا پانێلێک بە سەرناوی "ڕوانگە و گفتوگۆی نێوان جڤاکەکان سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ فۆرمەکانی نەژادپەرستی" بەڕێوەچوو. پانێلیستەکان کە ئەم بەڕێزانە بوون، ئەزموونە کەسییەکانی خۆیان باس کرد:

  • سەرایا گۆمیس – پەروەردەکار، بەرپرسی سیاسی و چالاکی دژەهەڵاواردن
  • ئایریس ڕاجانایاگام – پسپۆڕی مێژوو بە تیشکخستنە سەر تیۆرییەکانی دیکۆلۆنیالیزم و پۆست کۆلۆنیالیزم هەروەها ئینتەرسێکشناڵ
  • پرۆفیسۆر د. کەنان ئەنگین– پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان، نووسەر و مامۆستای زانکۆ
  • جۆرجی ئیڤانۆڤ – پەروەردەکار، ئەندامی فەخریی دەستەی ڕێبەرایەتی، هەروەها بەڕێوەبەری خاڵی پێوەندی و ڕاوێژکاری لە ڕێکخراوی ئامارۆ فۆرۆ
  • مەری ئەرگون – بەڕێوەبەری سەنتەری فرەڕەنگیی ئینتەرسێکشناڵ لە یەکماڵ
  • پێشکەشکار: ئێد گریڤ - کارمەندی پەروەردە لە ئەنجومەنی کۆچبەری لە بەرلین

پانێلی دووەمیش لەسەر بابەتی "نەژادپەرستی دژەکورد لە ئەڵمانیا" بوو. ئەم پسپۆڕانە پانێلیست بوون:

  • پرۆفیسۆر د. چنور قادری – پرۆفیسۆر لە بواری کاری جڤاکی، مامۆستای دەروونناسی لە زانکۆی ئێفانگێلیشە هۆخشوولە
  • د. ڕۆزا بوورج – جڤاکناسی سیاسی و توێژەری هەڵاواردنی نەتەوەیی و چاودێری نەژادپەرستی لە سەنتەری ئەڵمانی بۆ تۆژینەوەی ئینتیگراسیۆن و کۆچبەری
  • د. سەیران بۆستانچی – توێژەرلە بواری پرسەکانی پەروەردە و نەژادپەرستی لە سەنتەری ئەڵمانی بۆ تۆژینەوەی ئینتیگراسیۆن و کۆچبەری

هەر سێ پانێلیستەکان لەم بەشەدا سەرنجیان خستە سەر ئەزموونی خۆیان و خێزانەکانیان. کەسانی ئەکادیمی چۆن گەیشتنە سەر بابەتی نەژادپەرستیی دژەکورد و ڕێگەی گەیشتنیان چۆن کرایەوە، سەرنجی ئامادەبوانی ڕاکێشا. زۆر کەس ئیلهامیان لەو پانێلە وەرگرت. دواتر کتێبێکی تازەی یەکماڵ ناسێندرا کە ئەویش سەرنج دەخاتە سەر نەژادپەرستیی دژەکورد و ژیانی کوردان لە ئەڵمانیا. کتێبەکە „Kurdisches Leben in Deutschland - Eine (un)-sichtbare Realität zwischen Rassismus, Marginalisierung und (Nicht)-Anerkennung“ بە زمانی ئەڵمانییە و لە نووسینی دەستەیەک لە کەسانی ئەکادیمی پێکهاتووە. بڕیارە کتێبەکە لە هاوینی ٢٠٢٥دا لە لایەن وەشانخانەی بێلتس Beltz-Verlag بڵاو بکرێتەوە.

دواهەمین بەشی بەرنامەکە بۆ ئاهەنگی جەژنی نەورۆز تەرخان کرابوو. سەرەتا هاوسەرۆکی یەکماڵ شوکران پاموکچی گوتەی بەخێرهێنانی پێشکەش کرد و پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزی کرد. دواتر کورتەڤیدیۆیەک لەبارەی جەژنی نەورۆز پێشکەش کرا کە لە لایەن یەکماڵەوە ئامادە کرابوو. کاتژمێر ١٩ بووفێ کرایەوە کە چەندین خواردن و خواردنەوەی خۆشی لەخۆ گرتبوو. پاشانیش گرووپی موزیکی بابلیکس بە پێشکەشکردنی موزیک و گۆرانیی کوردی ئاهەنگەکەی بەجۆش کرد.

ئەم لاپەڕەیە بڵاو بکەوە

هەواڵنامەکەمان ئابوونە بکەن



سوودەکانت
دوا ناکەویت لە وەرگرتنی زانیاری
هەمیشە دەتوانی لێی بچیتە دەرەوە
زانیارییە کەسییەکانت پارێزراون


چاوتان لەسەرمان بێت لە

بابەتی پێوەندیدار